رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئاداری وەزارەتەکانی رۆشنبیری و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کارەبا و بەشێکی خانەنشینانیش دابەشنەکراوە، ئەندامێکی لێژنەی وەرگرتنی مووچە لە بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی دەڵێت: "چووین بۆ مووچە، لە بانک پێیانگوتین پارە نییە."
رۆژی یەکشەممە 24-4-2022، سەریاس سادق، ئەندامی لێژنەی دابەشکردنی مووچە لە بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو کاژێر 11 مووچەی هیچ وەزارەتێک لەو سێ وەزارەتەی بڕیار بوو ئەمڕۆ مووچە وەربگرن لە سلێمانی دابەشنەکراوە و لە بانکەکان بە برادەرانی ئێمەیان گوتووە پارە نییە."
رۆژی یەكشەممە، 10-4-2022، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بەبێ لێبڕین راگەیاند کە بڕیارە لە رۆژی 28-4-2022 كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە بێت، بەڵام ماوەی دوو مانگە لەسەر یەک کێشە بۆ مووچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی دروست دەبێت و بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکاندا مووچەیان دوا دەکەوێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-4-2022، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و بەرپرسێکی وەزارەتی کارەباش لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند ئەمڕۆ بە بیانووی نەبوونی پارە، بانکەکانی سلێمانی تاوەکو کاژێر 11 ی بەیانی هیچ مووچەیەکیان نەداوە.
بەرپرسانی یەکێتی و پارتی ماوەیەکە یەکدی بە دروستکردنی کێشە بۆ مووچەخۆران تۆمەتباردەکەن و چەند جارێکە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە بەرپرسانی سلێمانی بە نەگەڕاندنەوەی داهاتە نێوخۆییەکانی پارێزگاکە تۆمەتبار دەکەن و ئەمەش بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دەوامنەکردنی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، کە دوو مانگ دەبێت لە ماڵەوەیە و نەچووەتەوە بۆ دەوامی وەزارەتەکەی.
رۆژی هەینی، 22-4-2022، رزگار محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی کۆبوونەتەوە و باسیان لە پرسی کۆکردنەوەی داهات و ئەو کێشانەی دێنە بەردەمی لەگەڵ پرسی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران کردووە."
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەدا، وەزیری دارایی پێش ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ شاندی پارتیش کۆبووەتەوە و مەرجی گەڕانەوەی بە هەردوو حیزبی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتداوە و پێیگوتوون کە دەبێت داهاتەکانی هەموو مەرز و فەرمانگەکان و سەرجەم داهاتەکانی نێوخۆ بگەڕێتەوە بۆ حکومەت بۆ ئەوەی لە یەک شوێنەوە داهات کۆبکرێتەوە و کۆکردنەوەی داهات ببێتە ناوەندی و لەوێوە مووچە دابەشبکرێت و هەموو مانگێک ئەو کێشەیە نەیەتە بەردەم مووچەخۆران.
بەپێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، داهاتەکانی نێوخۆ لەنێوان 350 بۆ370 ملیار دینار دەبێت و نزیکەی نیوەی بۆ مووچە تەرخاندەکرێت، بەڵام چەند مانگێکە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کێشە بۆ ئەو مووچەیە دروست دەبێت کە پێویستە لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی بدرێت، هێشتا ئاسۆیەکی روونیش نییە کە حکومەت چۆن ئەم کێشەیە چارەسەردەکات.
15 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەیان كردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی داهاتی سلێمانی، بەتایبەت لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی باشماخ و پەروێزخان، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی.
لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ