رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی عەلاوە مەحموودیی سەر بە قەزای دووبزی پارێزگای کەرکووک لەکاتی دروێنەی گەنمدا ئاگر لە دەخڵودانی جووتیارێک کەوتەوە و "نزیکەی دوو دۆنم گەنمی سووتاوە."
نەقیب قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئاگرەکە بەهۆی دەڕاسەکەوە کەوتووەتەوە و نزیکەی دوو دۆنم گەنم و هەندێک پەرێز سووتاوە، بەڵام ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەیەکی کەمدا تیمەکانیان فریاکەوتوونە و توانیویانە رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بکەن، "دەڕاسەکەیشیان کوژاندەوە بەر لەوەی بەتەواوی بسووتێت."
گوندی عەلاوە مەحموود ناوچەیەکی کوردییە لە باکووری رۆژهەڵاتی قەزای دوبزی پارێزگای کەرکووک. ئەمساڵ لە وەرزی دروێنە لە سنووری پارێزگای کەرکووک تاوەکو ئێستا 12 ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ