رووداو دیجیتاڵ
دوای شەش مانگ لە راگرتنی پارەی مامۆستایانی خۆبەخشی ئایینی و نابینایان، ئەمڕۆ وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بە خەرجکردنی ئەو پارەیە بۆیان.
شڤان بالەتەی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دھۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر داواکاریی ئەوان، وەزارەتی ئەوقاف بڕیاریداوە بە دووبارە پێدانی پارەی مامۆستایانی خۆبەخشی دھۆک و نابینایان کە پارەی شەش مانگی ئەمساڵیان بەیەکەوە پێدەدرێت.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دھۆک گوتیشی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە پارەی 420 مامۆستای ئایینی و 20 نابینا لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف بڕدرابوو، بەڵام لە چەند رۆژی داھاتوودا پارەی شەش مانگیان بۆ خەرجدەکرێت.
بەپێی نووسراوی ژمارە هەزار و 100ـی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دھۆک کە رێککەوتی ئەمڕۆ سێشەممە 24-05-2022ـی لەسەرە، کۆی گشتیی پارەکە دەکاتە 233 ملیۆن و 456 هەزار دینار.
ھەر بەپێی نووسراوەکە، جگە لە پارەی مامۆستایانی ئایینی و نابینایان، دەرماڵەی فەقێیان و مامۆستایانی وانەبێژی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەش خەرج دەکرێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ