رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵی ئاشتی لە شاری سلێمانی، دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ ئەندامانی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان کرایەوە. ئاراستەی گەڕەکی کوردسات بەربژێریان بۆ رێکخەری گشتیی هەیە، بەڵام ئاراستەی گردەکە بەربژێریان نییە.
دواجار و دوای دوو کۆنفرانسی جیای دوو باڵی گۆڕان لە شاری سلێمانی، ئەمرۆ شەممە کاژێر 08:00ـی بەیانی دەرگای چوونەژوورەوە بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوە بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرایەوە.
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان، ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە، لە گردەکە دەڵێن بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێت، ئاراستەکەی دیکە دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.
بەرپرسێک لە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی گەڕەکی کوردسات) ئەمڕۆ شەممە بە تۆری میدیایی رووداوی گوت: "چوونە ژوورەوەی ئەندامان تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و تاوەکو ئەو کاتە هەر کەس نەچێتە ژوورەوە مافی بەشداربوونی نامێنێت".
هەردوو باڵەکە بەشداری دەکەن
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار کردووە، تەنیا ئەو ئەندامانە بەشداری کۆنفرانس بکەن کە ناویان لە ساڵی 2017 تۆمار کراوە زیاترن لە دوو هەزار و 100 ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا بەسەر دوو ئاراستە دابەشبوون، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.
بەگوێرەی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات، ئەمڕۆ ئەگەر لە هەردوو ئاراستەکە تەنانەت 200 ئەندامیش ئامادە ببێت، بە زۆرینەی دەنگی ئەوان کۆنفرانس کارەکانی پەسند دەکات.
کێ بەربژێرە؟
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بەربژێرمان نابێت، چونکە لە دەستووری بزووتنەوەی گۆڕاندا نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێت".
نزار مەحموود گوتی: "ئەگەر برادەرانی ئەولا [گەڕەکی کوردسات] بەربژێریان بۆ رێکخەری گشتیی هەبێت، ئەوە دیارە گۆڕانکارییان لە دەستووری بزووتنەوەکەدا کردووە و وەکو حیزبەکانی دیکەیان لێکردووە".
لەبەرامبەردا، ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان لە کوردسات بە رووداوی گوت: "تاکە بەربژێری کۆنفرانس دانا ئەحمەد مەجیدە، نەک ئێمە، برادەرانی گردەکەش دەستکاری دەستووریان کردووە، چونکە ئەوە مەرجی کۆمیسیۆنە بۆ کۆنگرە".
بەپێی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات، کۆمیسیۆن ناچاری کردوون و دەبێت لە کۆنفرانسەکەدا رێکخەری گشتیی هەڵبژێرن.
ئەمڕۆ بڕیارە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی (سەرکردایەتی) لە کۆنفرانسەکەدا بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژێردرێن.
ئەگەر ناکۆکییەکان نەبنە هۆکاری دواخستن یان راگرتنی کارەکانی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان کە لای کۆمیسیۆن بە "کۆنگرەی دامەزراندن"دەناسرێت، ئەمڕۆ یەکێک لە ئاراستەکانی کوردسات و گردەکە دەبنە خاوەنی ناو، مێژوو و کارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان.
کۆبوونەوەی دوو ئاراستەکە لە کۆنفرانسێکدا لەکاتێکدایە، دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان، 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد. هەروەها ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێ نەدرا.
بە گوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتیی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ