هاتووچۆی کۆیە: هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رۆژانی هەینیدا قەدەخەیە

24-05-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر دەڵێن، رۆژانی هەینی لە بازگەی کۆیە بە ئاراستەی هەولێر رێگە بە هاتووچۆکردنیان نادرێت. بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیەش دەڵێت، بەگوێرەی بڕیارێکی هاتووچۆی هەولێر رۆژانی هەینی هاتووچۆی بارهەڵگر قەدەخەیە.
 
ئەرکان کەریم، شۆفێری بارهەڵگرە، رۆژی شەممە بە رادیۆی رووداوی گوت، دوێنێ دەیان بارهەڵگر لە بازگەی کۆیە بە ئاراستەی هەولێر چوون، بەڵام لەلایەن کارمەندانی هاتووچۆوە رێگەیان پێ نەدرا و تاوەکو درەنگانی شەو راگیران.
 
ئەو شۆفێرە گوتیشی، تاوەکو کاژێر 12ی شەو لە بازگەکە چاوەڕێ بوون و رێگەیان پێ نەدرا تێپەڕن.
 
موقەدەم سەنگەر سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیە بە رادیۆی رووداوی گوت، نزیکەی مانگێکە بڕیاردراوە رۆژانی هەینی جووڵە و هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە کاژێر 7:00ی بەیانی تاوەکو 12:00 لە ناوچە گەشتیارییەکان و سنووری هەولێر قەدەخەیە، لەدوای ئەو کاتە هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.
 
بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیە دەڵێت: رێگەکە یەک سایدە و خەڵک لە رۆژانی هەینی دەچنە گەشت و سەیران، هەربۆیە بڕیارەکە بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاونیشتمانییانە.
 
سەنگەر سەڵاحەدین ئاماژەی بەوە کرد، "چەند جارێک شۆفێرەکانمان ئاگادار کردوونەتەوە کە رۆژانی هەینی هاتووچۆ قەدەخەیە و بڕیاریکی قایمقامیەتی کۆیەش هەیە کە هاتووچۆی بارهەڵگر لەنێو شار قەدەخە دەکات؛ بۆیە ئەگەر کەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە