رووداو دیجیتاڵ
گرتە ڤیدیۆییەکی ئافرەتێکی بەتەمەنی قەزای داقووق لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، کە لە ماڵەکەی خۆیدا بەستراوەتەوە و خەڵک دەچن رزگاری دەکەن. ڤیدیۆکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "دوو کەس بۆ دزی چوونەتە ماڵی ئەو ئافرەتە و بەستوویانەتەوە."
رۆژی شەممە، عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ ئێوارە، دوو تۆمەتبار بۆ دزی دەچنە ماڵێکی قەزای داقووق کە لەو ماڵەدا خوشک و برایەکی بەتەمەن دەژین، ئەوکاتەی کە دزەکان چوونەتە ماڵەکە، تەنیا ئافرەتەکە لەماڵ بووە، بۆ ئەوەی هاوار نەکات و ئاشکرا نەبن، دزەکان دەست و دەمیان بەستووەتەوە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی، "بە گوێرەی زانیارییەکانمان، ئەو دوو دزە دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بە ماڵەکەدا گەڕاون هیچیان نەدۆزیوەتەوە و دواتر هەڵاتوون."
بە گوتەی عامر نووری، "دزەکان دوو ماتۆڕیان پێبووە، ئێستا هەڵاتوون و هێزەکانی پۆلیس بە دوایاندا دەگەڕێت."
قەزای داقووق سەر بە پارێزگای کەرکووکە و دەکەوێتە باشووری پارێزگاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ