کۆمەڵ و یەکگرتوو: بە جیدیی هەوڵمان بۆ هاوپەیمانیی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن دەدا بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵ

24-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ژمارەیەک کۆبوونەوە، چەند لایەنێکی سیاسی نەیانتوانی لیستێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنن. بەرپرسانی یەکگرتوو و کۆمەڵ دەڵێن، هەندێک لایەن ئامادەیی پێویستیان نەبووە. نەوەی نوێ باس لەوە دەکات مەرجی نەگۆڕیان هەبووە و بەرەی هەڵوێستیش پێش هەموویان كشایەوە.
 
ئەو حیزبانەی هەوڵی هاوپەیمانییان دا و شکستیان هێنا بریتیبوون لە نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، رەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، یەکبوونی ئیسلامیی کوردستان و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی.
 
کۆمەڵ: بۆ هاوپەیمانیی ئامادەی قوربانی بووین
 
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە زۆر بە جیدی و دڵسۆزی لە پێناو بەرژەوەندی کوردستاندا هەوڵماندا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک لە دەنگە ناڕازییەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک و دروستبوونی هیوای زیاتر بۆ هەڵبژاردن و زیاتربوونی دەنگی خەڵکی کوردستان".
 
لەبارەی هۆکاری پێکنەهێنانی هاوپەیمانییەکەوە شوان رابەر گوتی: "بەداخەوە هەر حیزبە و بیانوویەکیان هەبوو لەبەرئەوەی ئامادە نەبوون بەشداری بکەن؛ تەنیا کۆمەڵی دادگەری تاوەکو دواکات هەوڵی بۆ دا".
 
ئەو لایەنانەی ویستی هاوپەیمانییان هەبوو، دووجار بە فەرمی پێکەوە کۆبوونەوە، لەو نێوەندەشدا چەند کۆبوونەوەیەکی دوو لایەنە کرا، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، ئەوان ئامادەییان هەبووە کە ئەگەر هەموو لایەنەکانیش نەبن چەند لایەنێک پێکەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بکەن؛ گوتیشی: "لە ئەنجامدا لایەنەکان یەک بە یەک کشانەوە و کۆمەڵ بە تەنیا مایەوە؛ هاوپەیمانیش بە لایەک دروست نابێت. ئێمە ئامادەبووین بۆ یەک لیستی قوربانی بدەین".
 
شوان رابەر بەبێ ناوهێنان ئاماژەی بە لایەنەکانی دەرەوەی ئەو حیزبانە کرد کە ویستی هاوپەیمانییان هەبووە و گوتی: "هەندێک لایەنی دەسەڵاتداریش هەوڵیان دا بۆ لەباربردنی هاوپەیمانییەکە".
 
یەکگرتووی ئیسلامی: هەندێک لایەن ئامادەی هاوپەیمانی نەبوون
 
لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەیانەوە، هادی عەلی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئێمە بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتییەکی فراوان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەر لە سەرەتاوە بە  ئەوپەڕی جیدیەت و راستگۆییەوە بەشداری گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان بووین و ئامادەی ھەموو ئاسانکارییەک بووین بۆ ئەوەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن دابەش نەبێت".
 
هادی عەلی دەڵێت: "جگە لە شایستەی هەڵبژاردن هیچ مەرجێکی پێشوەختەمان نەبوو، بەڵام بەداخەوە ھەندێ لایەن بە پاڵنەری زاتی یان ھەر ھۆکارێکی دیکە، ئامادەیی پێویستیان نەبوو، سەرەنجام دانوستانەکان شکستیان پێھێندرا".
 
لەبارەی ئەو لایەنانەی ئەوان بە هۆکاری شکستەکەی دەزانن، هادی عەلی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەڵوێستمان روونە؛ بە دیاریکراویش نامانەوێت هیچ لایەنێک تۆمەتبار بکەین".
 
رەوتی هەڵوێست: لەگەڵ کەسانێک ناچینە لیستێکەوە متمانەی خەڵکیان نەبێ
 
رەوتی هەڵوێست 11ـی ئەم مانگە و پێش هەموو لایەنەکان، کشانەوەی خۆی لە گفتوگۆ بۆ هاوپەیمانییەکە راگەیاند.
 
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ کەسانێک ناچینە یەک لیستییەوە کە جێگەی متمانەی ئێمە و خەڵکی کوردستان نین".
 
عەلی حەمەساڵح بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێک بهێنێت، گوتی: "لایەنێک لەکاتێکدا لەگەڵ ئێمە خەریکی دانوستاندن بوو، لە هەمان کاتدا لەگەڵ بەغدا خەریکی گفتوگۆی بەشداریکردن بوو لە حکومەت".
 
نەوەی نوێ: مەرجی نەگۆڕمان هەیە
 
دوای بڕیاری کشانەوەی رەوتی هەڵوێست، هیمداد شاهین، گوتەبێژی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "هەر لایەنێک ئازادە کە دەکشێتەوە، بەڵام ئێمە ئەوەی لەپێناو خەڵکدا باشبێت، ئەوە دەیکەین".
 
گوتەبێژی نەوەی نوێ لەبارەی داواکارییەکانیان لە هاوپەیمانییەکەدا گوتی: "هەندێک مەرجی نەگۆڕمان هەن کە رەنگە مافی خۆمان بێت قبووڵمان نەبێت [جێبەجێ نەکرێن]".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای دیاریکردنی کات بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردن، دوو جاری دیکە کاتەکەی درێژکردەوە و 22ـی ئایار دوایین رۆژ بوو.
 
ئەو هاوپەیمانییەی هەوڵی بۆ درا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو، کە بڕیار 11ـی مانگی 11ـی ئەم ساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: چاودێری ئەو پارەیە دەکەین کە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆدەکرێتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێت.