رووداو دیجیتاڵ
وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای کەرکووک سبەی دەستپێدەکات .
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە 24ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستپێدەکات.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، هەموو رێکارێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی بێ گرفت پرۆسەکە بەڕێوەبچێت.
23ـی ئایار عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تێکڕاى زەوى چێندراو بە گەنمى نێو پلانى کشتوکاڵ لە کەرکووک 560 هەزار دۆنمە و پێشبینی دەکەین 457 هەزار تۆن بەرهەمى هەبێت".
دەستپێکردنى پرۆسەى وەرگرتنى گەنم لە کەرکووک لە کاتێکدایە، کێشەى گەنمى زەوییەکانی دەرەوەى پلانى کشتوکاڵی چارەسەرکراوە.
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک گوتى: "رەزامەندى وەزارەتى کشتوکاڵمان پێگەیشتووە کە گەنمى زەویى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى بە هەمان پێوەرى وەرگرتنى گەنمى نێو پلانى کشتوکاڵ وەربگیرێت، کە رووبەرەکەى نزیکەى 300 هەزار دۆنمە و زۆرینەى هى جووتیارانى کوردە".
بۆ ساڵى 2025 پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵیدایە بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بەشێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێنرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بەشێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ