رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە دایک و باوکان دەتوانن ئەنجامی هەڵسەنگاندنی قوتابییەکانیان لە پۆلەکانی یەک بۆ سێی بنەڕەتی وەربگرنەوە. بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا کارتی هەڵسەنگاندنیش دەدەنەوە قوتابییان.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، بازنەی یەکەمی خوێندنی پۆلەکانی یەک بۆ سێی بنەڕەتی (حکومی)، ئەنجامی کۆتایی ساڵی خوێندنی 2024 – 2025ـیان لە ئەپلیکەیشنی (هەڵسەنگاندن e-) لەسەر هەردوو سیستمی Android و IOS بەردەستە و بڵاوکراوەتەوە.
رێباز مەسعود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەهەندی بنەڕەتی لە هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی هەیە ئەنجامی هەڵسەنگاندنە نەوەک تاقیکردنەوە، چونکە ئەو پۆلانە تاقیکردنەوەیان نییە و کەوتوویان نییە، تەنیا بەشێوەی زارەکی مامۆستایان پرسیاریان لێدەکەن و لەسەر ئەو بنەمایە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن".
رۆژانی 11 بۆ 14ـی ئایار، هەڵسەنگاندن بۆ قوتابییانی یەک بۆ سێی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان کرا.
بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەهەندی بنەڕەتی گوتی: "ئەوەی بەردەستە لەلایەن وەزارەتەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنییە؛ ئەگەر کێشەیەک پێش نەیەت، لە 29ـی ئایارەوە قوتابییان دەتوانن ئەنجامەکەیان لە رێگەی کارتیشەوە وەربگرنەوە".
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەکردووە، دایکان و باوکان دەبێت دوایین وەشانی ئەپلیکەیشنەکە دابەزێنن یان نوێی بکەنەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ