وێنەی ساتی گیانلەدەستدانی کارمەندێکی تەندروستیی کەرکووک دەنگدانەوەی لێدەکەوێتەوە

24-06-2020
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
وێنەی تەرمی نەجات رەشید، کارمەندی تەندروستیی کەرکووک
وێنەی تەرمی نەجات رەشید، کارمەندی تەندروستیی کەرکووک
نیشانەکردن کەرکووک کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

کارمەندێکی تەندروستیی کەرکووک کە 12 ساڵ خزمەتی هەبوو، دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، وێنەی کاتی گیانلەدەستدانیشی دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ وەکو لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، تەرمەکەی لە ژوورێکی بێ خزمەتگوزاریدایە.
 
نەجات رەشید، کارمەندی فەرمانگەی تەندرووستی کەرکووکە، تەمەنی 57 ساڵ بوو. سیروان نەجات، یەکێک لە کوڕەکانی باسی لەوە کرد، باوکی 13 رۆژ لە نەخۆشخانەکانی ئازادی و ناوچەی پیشەسازی خەوێندراوە؛ ناوبەناو لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی لەگەڵ باوکی هەبووە، بەڵام داخرانی مۆبایلەکەی باوکی دەیخاتە گومانەوە و کە خۆی دەگەیێنێتە سەری، دەڵێ بەبێ هیچ خزمەت و بەدەمەوەهاتنێک، هەناسەی لێ بڕابوو.
 
سیروان نەجات، کوڕی کۆچکردوو دەڵێ "رۆیشتم بۆلایان و گوتم باوکم هەناسەی نەماوە، تەنیا وەرن تەماشای بکەن، بزانن ماوە یان مردووە. پزیشکەەک گوتی: ئێستا دێم؛ کەچی کاژێر 10:00 هات، من کاژێر 07:00 پێم گوتن کەچی ئەوان کاژێر 10:00 هاتن، تەماشایان کرد و هیچ خزمەتێکیان نەکرد".
 
سامان نەجات، کوڕی گەورەی کۆچکردوو ئاماژەی بەوە کرد کە باوکی "سەرئێشەی هەبوو، بێتاقەت بوو، هەناسەی تووند بوو. هەموومان دەمرین، مردنێکمان لەسەرە، بەڵام بەو شێوەیەی بینیتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، باوکم بەو زەلیلیە و بەو بێ خزمەتی و ئیهمالکردنە زۆر لە دڵمان گرانە، ئەوهاش وازناهێنین".
 
بڵاوبوونەوەی وێنەکان، هەڵای لێ کەوتووەتەوە؛ فەرمانگەی تەندروستیش بەشوێن کەس یان کەسانی بڵاوەکارن و دەڵێن، ئامانج لێی ناوزڕاندنمانە.
 
دکتۆر زیاد خەڵەف، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە وەکالەت گوتی "رازی نین لە ماندووبوونی کارمەندە پاڵەوانەکانی تەندروستی کەمبکرێتەوە، هاوخەمی کەسوکاری مردووەکەین کە کارمەندی پاڵەوانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بوو، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەکە، لێکۆڵینەوەی کارگێڕیی ئاشکرامان دەستپێکردووە، ئەنجامەکەی بەمنزیکانە دەردەچێت، هەموو رێگە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ ئەو مەبەستە".
 
تائێستا و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، 922 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکووک تۆمارکراون کە 31 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە. هاوسەنگنەبوونی توانا تەندروستییەکانی کەرکووک بەرامبەر بەو ژمارە زۆرەی تووشبووان، کێشەی جیددی بەرەوڕووی کەرتی تەندروستیی کەرکووک کردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.