رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و پێش جەژنی قوربان دەروازەی شووشمێ لە سنووری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ گەشتیاران دەکرێتەوە. دەشڵێت، کردنەوەی دەروازەکە رەزامەندیی حکومەتی عێراقیی نییە.
رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەروازەی شووشمێ پێشتر بۆ بارهەڵگر کراوەبووە و ئێستا کارکراوە کە بکرێتە گەشتیاریش.
شاهین رەزا گوتی، "لە دیوی ئێرانەوە ئامادەکاری کراوە؛ ئێمەش هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و دەروازەکەمان فراوانتر کردووە، بڕیارە سێشەممەی داهاتوو دەروازەکە بە رووی گەشتیارانیشدا بکرێتەوە ئەگەر ئاستەنگییەک نەیەتەپێش".
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە شاندێکی بەرپرسانی ئێران بۆ کردنەوەی دەروازەکە بە رووی گەشتیاراندا لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە کۆببنەوە و دواتر دەروازەکە بە فەرمیی بکەنەوە. گوتیشی: "دواتر بڕیار دەدرێت کە ئایا تەنیا بە پاسپۆرت لە دەروازەکەوە هاتووچۆ دەکرێت یان بە نووسراویش".
چەند دەروازەیەکی سنووریی لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراون و نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن، هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیران بەن، پشتە و شووشمێ هەن و تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، کردنەوەی دەروازەی شووشمێ بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە پەسەند نەکراوە و ئەوان لەسەر هێڵ دەبن بۆ ئەوەی عێراقیش بە فەرمی بیناسێنێت. گوتیشی: "کردنەوەی دەروازەکە زیاتر پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان و ئێران و لەنێویدا تایبەتترە بە پارێزگاکانی کرماشان و هەڵەبجە".
دوێنێ هەینی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان و بەرپرسانی خۆجێیی شاری پاوە سەردانی دەروازەی شوشمێیان کرد؛ عەبدولوەحید محەممەدی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، ئامادەکارییەکان خەریکە تەواو دەبن و رۆژی سێشەممە 27ـی حوزەیران دەروازەکە بە روو یەگشتیاراندا دەکرێتەوە.
جگە لە باشماخ و پەروێزخان، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ لە پارێزگای هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و لە دهۆکێش دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، کە ئەوەی دهۆک، باکووری کوردستان و تورکیا بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە.
هەر لە پارێزگای دهۆک دوو دەروازەی دیکە هەن کە حکومەتی عێراقی بە فەرمی نەیناساندوون، دەروازەکانی سەرزێڕێ و سێمێلکا؛ ئەوەی یەکەم لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان و تورکیا و، ئەوەی دووەمیش تەنیا دەروازەی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ