رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت گەشتە ئاسمانییەکان لە چەند کاژێری داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستپێبکەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، هەردی سەمەد، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا هیچ رێنوێنییەکمان بۆ نەهاتووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان."
هەردی سەمەد گوتی، "بەگوێرەی رێککەوتنەکان، دوای 24 کاژێر ئاگربەستی تەواو دەبێت، بۆیە ئەمڕۆش هیچ بڕیارێکی نوێ نایەت، پێدەچێت سبەی رێنوێنیی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بنێردرێت، ئەگەر ئاگربەستەکە جێبەجێ بکرێت."
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا هیچ رێنوێنییەکمان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ نەهاتووە و فڕۆکەخانە بە داخراوی ماوەتەوە."
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییش گەشتەکانی راگیراوە. بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێنوێنی نەهاتووە و بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دەبێت ئاسمانی عێراق بکرێتەوە."
بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە، لە 13ی حوزەیرانەوە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ