ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی بۆ دروستکردنی رێگەی هەڵەبجە- سازان تەرخان کرد

14-06-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی بۆ دروستکردنی رێگەی هەڵەبجە - مەرزی سازان تەرخان کردووە. قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت: "بە تەواوبوونی ئەم رێگەیە %50ـی کارەکانی مەرزی سازان تەواو دەبێت."
 
رۆژی شەممە، 14ـی حوزیرانی 2025، سمکۆ سالار، قایمقامی قەزای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تەرخانکردنی بودجەی رێگەی هەڵەبجە - مەرزی سازان رەزامەندیی داوە، پڕۆژەکە دەخرێتە تەندەرەوە، دواتر دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، بە تەواوبوونی ئەم رێگەیە %50ـی کارەکانی مەرزی سازان تەواو دەبێت."
 
درێژیی رێگەی هەڵەبجە - مەرزی سازان 21 کیلۆمەترە. قایمقامی هەڵەبجە گوتی: "رێگەکە لە دەرەوەی هەڵەبجە دەستپێدەکات، تاوەکو شەقامی 40ـی دەڕوات، بە یەک ساید دروست دەکرێت، بەڵام بە شێوازێکی مۆدێرن و پان."
 
لەبارەی بودجەی پڕۆژەکە، سمکۆ سالار دەڵێت: "بڕیارمان داوە تاوەکو دەخرێتە تەندەرەوە بودجەکەی رانەگەیێنین، کە خرایە تەندەرەوە و وەبەرهێن نرخەکەی گوت، ئەو کات بودجەکەی ئاشکرا دەکەین."
 
بە گوتەی قایمقامی هەڵەبجە، بە تەواوبوونی رێگەکە ئەو گوندانەی کە دەکەونە سەر ئەو رێگەیە وەک؛ گوندی سازان، کێلەوڕێ، کۆساوا، قوڵمیتکان، لمە و پێگە، لە رووی ئابوورییەوە زۆر سوودمەند دەبن.
 
هەڵەبجە سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام تەنیا سێ دەروازەی سنووریی نیمچە فەرمیی لەسەرە کە شووشمێ، تەوێڵە و پشتەن، ئەگەر مەرزی سازان بکرێتەوە دەبێتە یەکەم دەروازەی فەرمی. سمکۆ سالار گوتی: "تەواوکردنی رێگەی هەڵەبجە - مەرزی سازان هەنگاوێکی گرنگ دەبێت تاوەکو لە دیوی ئێرانیش کار بۆ کردنەوەی مەرزی سازان بکەن."
 
مەرزی سازانیش دەکەوێتە گوندی سازانی پارێزگای هەڵەبجە، کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی هەڵەبجە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لە کردنەوەی نەدراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 2024-02-22، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەی مانگی شوبات چەندین بڕیار پەسندکران، لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەدواداچوونی بابەتی مەرز و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە و تەواوکردنی رێکارەکانی بەفەرمی ناساندنیان لە بەغدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژن و منداڵانی داعش لە کەمپی رۆژ

خەڵکی 50 وڵاتن؛ 2201 ژن و منداڵی داعش لە کەمپی رۆژ چاوەڕێی گەڕانەوەن

دوای 10 ساڵ لە کۆتاییهاتنی خەلافەتەکەیان، هێشتا چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵی داعش لە کەمپی رۆژی رۆژئاوای کوردستان نادیارە. ئەوان هەڵگری رەگەزنامەی نزیکەی 50 وڵاتی جیاوازن و هەندێکیان تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ وڵاتەکانیان، هەندێکیشیان هێشتا بیری تووندئاژۆیی لە مێشکیاندا ماوە.