رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوا لە مامۆستا، فەرمانبەر و مووچەخۆران دەکات خۆپێشاندان نەکەن، چونکە "دۆخەکە هەستیارە."
لە ئاگادارییەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە، "پشتیوانیی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داوا رەواکانی مامۆستایان، فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی دەردەبڕین. باری دژواری ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاو دەگرین. لەگەڵ ئەوەشدا، بە هەموو لایەکی رایدەگەیێنین کە دەنگی مووچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتووەتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت؛ گونجاو نابێت."
لیژنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "وەکو چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لە پرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپێشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپێشاندەران، ئەمجارە بە سوپاس و پێزانینەوە داوا دەکەین خۆپێشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن، تاوەکو هاوکار و هەماهەنگ بین لە گەیاندنی پەیامەکانیان بە شێوەیەکی شارستانیانە و دوور لە هەر ئەگەرێکی تووندوتیژی و رووداوی نەخوازراو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ