سەرەڕای هۆشداریی لیژنەی ئەمنی، مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی دەڵێن 'خۆپێشاندان دەکەین'

24-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی خۆپێشاندان دژی دواکەوتنی مووچە بکەن. لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکە دەڵێت، کاتەکە "گونجاو" نییە و داوای دواخستنی دەکات. رێکخەری خۆپێشاندانەکەش دەڵێت، "رووی داوامان لە بەغدایە."
 
دڵشاد میرانی، رێکخەری ئەو خۆپێشاندانەی بڕیارە بکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی کاژێر 05:00ی ئێوارە لەبەردەم باخی گشتی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دەکەین، دوای پشتیوانی لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین بۆ خۆپێشاندانی پێنجشەممە."
 
بە گوتەی رێکخەری خۆپێشاندانەکە، رۆژی پێنجشەممە لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا لە شاری سلێمانی، خۆپێشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچە بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمڕۆ لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دەنگی مووچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتووەتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت، گونجاو نابێت."
 
لیژنەکە داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەکات، "خۆپێشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن، تاوەکو هاوکار و هەماهەنگ بین لە گەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانییانە و دوور لە هەر ئەگەرێکی تووندوتیژی و رووداوی نەخوازراو."
 
دڵشاد میرانی گوتیشی، "لە 10 ساڵی رابردوودا 100% هەرێمی کوردستانمان بە هۆکاری نەدانی مووچە تۆمەتبار دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی 17 جار سەردانی بەغدامان کرد و یارییان بە کات کرد، ئێستا رووی داوامان زیاتر لە بەغدایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە