رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 130 کەس بۆ سێکتەری تەندروستی لە شاری هەڵەبجە بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن. جێگری پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، دامەزراندنەکە لەسەر داوای ئەوان بووە.
رۆژی دووشەممە 24ی تەممووزی 2023 لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "بە مەبەستی گرنگیدان بە سێکتەری تەندروستی و لەپێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 100 کەس وەکو فەرمانبەری گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە و 30 کەس وەکو فەرمانبەری گرێبەست لە نەخۆشخانەی بیارە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دادەمەزرێندرێن."
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ساڵێک لەمەوبەر بە شێوەی ئۆنلاین هەندێک کەس فۆرمی دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست بۆ سێکتەری تەندروستی پڕکردەوە و دامەزراندنەکە لەسەر داوای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بوو."
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، "ناو پێشتر نێردرابوو بۆ دامەزراندن؛ دڵنیا نیم هەمان ئەو ناوانەن یان کەسانی دیکەن."
پارێزگای هەڵەبجە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان. بەگوێرەی ئاماری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ رووداو، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لەنێوان 126 بۆ 130 هەزار کەسدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ