رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە تورکیایە و لەگەڵ ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای ئەو وڵاتە رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن بۆ ئەنجامدانی دیداری هاوبەشی زانستی نێوان هەردوولا واژۆ دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 23ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە یاوەری ئایدن مەعرووف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و بەڕێوەبەرانى گشتى لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە تورکیا لەگەڵ ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا کۆبووەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا بڕیاریانداوە "کاربکرێت بۆ ئامادەکردنى یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا بۆ ئەنجامدانى دیدارى هاوبەشى زانستى نێوان خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان و تورکیا."
وەزیری خوێندنی باڵای تورکیا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە فراوانبونى ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وەزارەت و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى وڵاتەکەی و هەرێمى کوردستان.
وەزیری خوێندنی باڵای تورکیا، وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا باسی لێوەکراوە، "هیواى خواست ئەم دیدارانە ببنە هۆى کرانەوەى زیاتر و پتەوکردنى پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکى فراوانتر، بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕى ستافى ئەکادیمى و پێدانى سکۆڵەرشیپ بە وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمی کوردستان."
ئارام محەممەد لە کۆبوونەوەکەیدا سوپاسی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا کرد و گوتی، "سیستمى خوێندنى تورکیا بەلاى ئێمەوە گرنگە، چونکە لە ناوچەى خوێندنى بۆلۆنیا پرۆسێسدایە."
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەردانەکەیدا وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و شاندی یاوەری لە تورکیا چەند زانکۆ و دامەزراوەیەکى گرنگى زانستى بەسەر دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ