رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "خۆشحاڵین بە چاککردنەوەی گۆڕەڕی کارەبا لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبای پارک، کە کاریگەری هەبوو لەسەر کۆمەڵێک ناوچەی شاری هەولێر کە بەشێکیان لەناو پڕۆژەی رووناکیدان." دەشڵێت، کێشەی پچڕانی کارەبای زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانییان چارەسەر کردووە.
وەزارەتەکە دەڵێت، "لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە یەکێک لە گۆڕەڕەکانی کارەبا لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبای پارک، چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر کە لە نێو پڕۆژەی رووناکیدان، تووشی پچڕانی کاتیی کارەبا دەبوون کە کاریگەری هەبوو لەسەر زیاتر 50 هەزار هاونیشتمانی."
بەگوێرەی وەزارەتەکە، "دوای بەدواداچوونی تیمەکانی وەزارەتی کارەبا، راستەوخۆ کارەکانیان دەستپێکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و چاککردنەوەی گۆڕەڕی کارەبای وێستگەی دابەشکرنی کارەبای پارک بە بڕی 100 ملیۆن دینار و ئێستا هاونیشتمانیان کارەبای بەردەوامی پڕۆژەی رووناکییان هەیە."
بەگوتەی وەزارەتەکە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکرندنەوەی پچڕانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەکانی، (سەربەستی، نازناز، پاڕک ڤیو، بەختیاری، ناز سیتی، دریم سیتی، گوندی ئینگلیزی، پڕۆژەی ئیمپایەر، فڕۆکەخانە، مارعۆدە و بەشێکی عەنکاوە).
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند.
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵیشدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبادا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 500 هەزار هاوبەش، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبن، لە پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ