رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لە سەرێ ئامێدی تەقینەوەیەک روویداوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە. سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین دەڵێت، "رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی تی ئێن تی بووە."
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 09:20ی بەیانی تەرمێک گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، کە بەهۆی تەقینەوەوە گیانی لەدەستدابوو؛ ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە شوان بووە."
رووداوەکە لە بەری سیلی (سەرێ ئامێدی) روویداوە. جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی گوتی: "ئەو کەسە راستەوخۆ دوای رووداوەکە گیانی لەدەستداوە."
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شوێنە بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە قەدەخە کراوە، بەڵام ئەو شوانە شارەزا نەبووە و چووەتە ئەوێ، تی ئێن تیی پێدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستداوە."
ئەو گەنجە ناوی (هـ. ف. ع)ـە و تەمەنی 20 ساڵە، عەرەبە و خەڵکی موسڵە.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین بۆ رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 25 کەس بەهۆی تەقەمەنی گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ