رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەدانی پارەی کارەباوە، کارەبای ژمارەیەک ماڵ لە گەڕەکە جیاوازەکانی هەولێر کە لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدان، بڕدراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو ماڵانەی کارەبایان بڕدراوە لە پڕۆژەی رووناکی بەهۆی نەدانی پارەوە بووە".
سەرەتای ئەم ساڵ ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر بۆ یەکەمجار لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا کارەبایان کرایە 24 کاژێری، بەشێکی ئەو ماڵانەی کارەباکەیان بڕدراوە لەو گەڕەکانەدان سەرەتا بەشداریی پڕۆژەکەیان کرد.
بەگوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، ئەو ماڵانەی کارەبایان بڕدراوە "سێ مانگ و زیاتر لەوەشیان تێدایە کە پارەی کرێی کارەبایان نەداوە و پێش بڕینیش هۆشدارییان پێدراوە".
خاوەن موەلیدەی یەکێک لەو گەڕەکانەی کارەبای چەند ماڵێکی تێدا بڕاوە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "لە گەڕەکێک دوو بۆ سێ ماڵ کارەبای ببڕدرێت ناتوانین موەلیدە کار پێبکەین، چونکە موەلیدەکە تێکدەچێت".
تاوەکو ئەمڕۆ پڕۆژەی رووناکی بە فەرمی روونی نەکردووەتەوە، کە تاوەکو چەند مانگ لەسەر بەشداربووانی پڕۆژەکە دەوەستن بۆ پارەنەدان.
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 500 هەزار هاوبەش، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبن، لە پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ