کوردستان
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە چارەسەرکردنی گرفتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کردووە کە ماوەیەکە ئەو وڵاتە گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکە راگرتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-08-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کراون.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەی بوون، وەکو لە راگەیێندراوەکەیشدا هاتووە، "گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و چارەسەرکردنی گرفتەکان لەنێویشیاندا پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکان و بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا."
3ـی نیسانی 2023، کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان راگرت؛ دواتر کۆمپانیاکە بڕیاریدا تاوەکو 03-07ـی ئەم ساڵ، گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی رابگرێت، بەڵام ئەو بڕیارە تاوەکو 3-1-2024 درێژکرایەوە.
لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باسی کراوە، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە."
هەر لەوبارەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە سەرباری پەسندکردنی یاسای بودجە، کێشەی ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە. گوتیشی، "پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان، کاریگەری هەبووە لەسەر چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بەتایبەتیش لە پرسی بودجەدا."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، "باسی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر کرا. هەردوولا بە پێویستیان زانی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر هەبێت لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ