UNFPA خۆشحاڵی بە بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی بە هاوبەشی لەگەڵ رووداو دەردەبڕێت

24-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن خەڵاتی ستیڤی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) خۆشحاڵیی خۆی بە بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی لە لایەن پرۆگرامێکی هاوبەشی خۆی و تۆڕی میدیایی رووداو، دەردەبڕێت. 
 
پڕۆگرامی هاوبەشی تۆڕی میدیایی رووداو و UNFPA لە پارەوە راهێنانی رۆژنامەڤانیی بە دەیان کچ و ژنی شارەکانی سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. 
 
ئەمڕۆ، دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی لە ئەمریکا ناوی تۆڕی میدیای رووداوی وەک براوەی سێ خەڵات راگەیاند، کە دووانیان زێڕین و یەکێکیان بڕۆنزە. 
 
پڕۆگرامە هاوبەشەکەی رووداو و UNFPA خەڵاتی بڕۆنزی بەدەستهێنا. 
 
UNFPA لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێمە، زۆر دڵخۆشین کە پڕۆژەی رۆژنامەڤانیی هاوبەشمان لەگەڵ رووداو خەڵاتی ستیڤی بردەوە."
 
ئاژانسەکە هەروەها سوپاسی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق دەکات لەبەرامبەر "بەهێزکردنی رۆڵی ژنان لە بواری رۆژنامەڤانیدا."
 
بەریتانیا یەکێکە لە پشتیوانە سەرەکییەکانی دارایی پڕۆژەکە. 
 
لیژنەی پسپۆڕانی خەڵاتی ستیڤی بۆیە ئەو پرۆگرامەی رووداویان بە شایانی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە زانیوە، چونکە دەڵێن "هەنگاوێکی یەکجار گەورەیە، لەبەرئەوەی یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی لەو جۆرەیە لەنێوان میدیایەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەتەوە یەکگرتووەکان دا."
 
لیژنەکە پێیوایە "لەکاتێکدا زۆر میدیای دیکە خەریکی بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکن لە بواری یەکسانیی نێوان ژن و پیاودا، رووداو خەریکی ئاڵنگارییەکی یەکجار گەورەیە بۆ نەهێشتنی ئەو نایەکسانییە لەنێو هێزی کاری میدیاییدا. ئەم پێداگیرییە بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی کۆمەڵگە نیشانەی گۆڕانکارییەکی مەزنی رووداوە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی." 
 
تاوەکو ئێستا 159 ژن و کچ بەشدارییان لە پڕۆژە هاوبەشەکەی رووداو و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پێگەیاندنی رۆژنامەڤانانی ژن کردووە. پڕۆژەکە بەردەوامە و ئەم ساڵ 300 ژن بەشداریی تێدا دەکەن.
 
سوو کینگ، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی گەشەپێدانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پیرۆزبایی لە رووداو کرد و گوتی: "بردنەوەی ئەم خەڵاتە نێوەدەوڵەتییەی ستیڤی گەواهیدەری کوالێتی، داهێنان و سەرکەوتوویی ئەم راهێنانەیە و دەبێتە هێمایەکی کاری ناوازە و دەستکەوتێکی راستەقینە بۆ رووداو و UNFPA."
 
خەڵاتەکانی ستیڤی لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی بەناوبانگ و بەبەهان. بەشێک لەو میدیایانەی پێشتر خەڵاتەکەیان بردووەتەوە بریتین لە سی ئێن ئێن، ئێن بی سی، بلوومبێرگ و جەزیرە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

پزیشکیان: پێویستە گەلی سووریا دوور لە دەستوەردانی دەرەکی بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن

سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دوایین پێشهاتەکانی سووریا رایگەیاند، "پێویستە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن گفتوگۆ هەبێت و گەلی سووریا بتوانێت دوور لە دەستوەردانی دەرەکی بڕیار لە داهاتووی سووریا و سیستمە سیاسییەکەی بدەن."