رووداو دیجیتاڵ
رێژەی سەوزایی سەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە هیچ ناوچەیەک بەپێی رووبەر ناگاتە 20%. بەگوێرەی بەرپرسانی شارەوانییەکان بۆ رووداو، زۆرترین رێژەی سەوزایی بەگوێرەی رووبەر لە هەولێرە، دواتر سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و کەرکووک.
سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێژەی سەوزایی لە سنووری شارەوانیی هەولێر، کە نێو شارە، تاوەکو بازنەیی 150 مەتری، گەیشتووەتە 19.8%."
رێژەی سەوزایی لە سنووری سلێمانی نزیکە لە هەولێر. بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێژەی سەوزایی بەگوێرەی رووبەر لە سلێمانی گەیشتووەتە 19.06%."
لەبارەی هەڵەبجەشەوە ئەندازیار سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێژەی سەوزایی سنوورەکەمان لەنێوان 13% بۆ 14%یە."
هەروەها شێروان حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێژەی سەوزایی 13% تۆمارکراوە، بەڵام دوو پارک دروست دەکرێن و یەکێکیان تەواو بووە، بە تەواوبوونی هەردووکیان رێژەکە دەگاتە 14%."
لە هەموو شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان رێژەی سەوزایی بەگوێرەی رووبەر دیاریدەکرێت. بۆ نموونە، ناوچەیەک رووبەرەکەی هەزار مەتر بێت، 250 مەتری بە سەوزایی کرابێت، دەگوترێت رێژەی سەوزایی 25%ـە.
کەمترین رێژەی سەوزایی لە باشووری کوردستان کەرکووکە. ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا رێژەی سەوزاییمان 03%یە."
سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارەیەک پڕۆژە هەن، لەوانە پارکێک لە سەرەتای رێگەی سلێمانی، پارکێک لە سەرەتای رێگەی هەولێر و پارکێکێش لە نزیک باڵەخانەی پارێزگا، بە تەواوبوونی هەموو پڕۆژەکان رێژەکە بەرز دەبێتەوە بۆ 06%."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ