بە تۆمەتی نەدانی باج و بە نووسراوی فەرمی داوای داخستنی چاڤیلاند دەکرێت

24-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە نووسراو داوای داخستنی کۆمپانیای چاڤی گەشتیاری دەکات، کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی نەوەی نوێوە خاوەنداری دەکرێت. دادگەی سلێمانیش دەڵێت، ئەو نووسراوە وەکو سکاڵا نەچووەتە بەردەستیان.
 
نووسراوەکە بە ژمارە 6093 لە 21ـی تەممووزی 2025، بە واژۆی د. کەمال تەیب قادر، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان ئاراستەی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی کراوە.
 
لە نووسرواەکەدا هاتووە: "پاش چەندین جار ئاگادارکردنەوەی ئەم خاوەن کۆمپانیایەی کە ناو و ناونیشانی لە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گەورە باجدەران ژمارە (1294/1/22205) لە 15-07-2025 داهاتووە، بە ناوی کۆمپانیای (چاڤی/بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری) مەبەستی دانی باجەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو باجەی کە بە یاسا لەسەریان چەسپاوە، پاکتاو نەکراوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان لە نووسراوەکەدا داوا لە قایمقامیەتی سلێمانی دەکات: "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 13 لە رێککەوتی 07-08-2019، هەستن بە داخستنی [کۆمپانیای چاڤیی گەشتیاری] بەگوێرەی سنووری دەسەڵاتتان".
 
شاسوار عەبدولواحید، رۆژی 12ـی ئەم مانگە کاژێر 10ـی شەو، بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکرا، 21ـی ئاب برایە بەردەم دادوەر، بەڵام دانیشتنەکە بۆ 28ـی ئەم مانگە دواخرا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "داواکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان تاوەکو ئێستا وەکو سکاڵا دژی شاسوار عەبدولواحید نەگەیشتووەتە دادگە، چونکە سەرەتا دەبێت ئەو دۆسیەیەی ئێستا لە سەریێتی یەکلا بکرێتەوە".
 
بە گوێرەی دادگەی سلێمانی بۆ رووداو: "شاسوار عەبدولواحید سکاڵای زۆری لەسەرە، بەڵام مەرج نییە هەموو سکاڵاکان ئێستا بجوڵێندرێن لە دادگە، بۆیە نازانین دوای ئەو سکاڵایەی ئێستا هیچ سکاڵایەکی دیکە دەجووڵێندرێت یان نا، چونکە بەگوێرەی یاسا دەبێت ئەوەی ئێستا یەکلا بکرێتەوە پاشان باس لە دۆسیەیەکی دیکە بکرێت".

 

 
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کاتی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، بڕیارەکە "سیاسییە" و پەیوەندی بە بانگەوازی شاسوار عەبدولواحید هەبووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان.
 
د. مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ رۆژێک دوای دەستگیرکردنی لە زیندان سەردانی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێی کرد و بە رووداوی گوت، شاسوار عەبدولواحید دووپاتیکردووەتەوە کە لەسەر "داوایەکی یاسایی" دەستگیر کراوە.
 
دادگەی سلێمانی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانێک رووینەداوە و 28ـی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید دەبرێتەوە بەردەم دادوەر".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە