رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا بە دیموکراسی و رەنگدانەوەی خواستی گەلانی سووریا نازانێت و رەتی دەکاتەوە؛ داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات دانی پێدا نەنێ.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە "نزیکەی نیوەی دانیشتووانی وڵات بە شێوەیەکی سیستماتیک دووردەخاتدەوە" و درێژە بە دەیان ساڵ پەراوێزخستن دەدات کە لە سەردەمی حکومەتی بەعسەوە پەیڕەو کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڵبژاردن و هەنگاوە سیاسییەکانی پێشووی وەک شێوازی پێکهێنانی حکومەتی راگوزەر بە دووبارەکردنەوەی هەنگاوە "تاکڕۆییەکان" دەزانێت، "کە ناتوانن ئامانجەکانی شۆڕش بۆ دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و هاووڵاتیبوونی راستەقینە بەدیبهێنن."
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە نزیکەی نیوەی سووریاییەکان بێبەشکراون لە مافی دەنگدان، ئەوەش بەهۆی ئاوارەبوونی زۆرەملێ یان لەڕێگەی "سیاسەتی بەمەبەست کە رێگری لە بەشداریی گشتگیر دەکات".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تووندی ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە کە ناوچەکانی بە "نائارام" ناودەبەن و جەخت دەکاتەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی "لەنێو ئارامترین ناوچەکانی وڵاتدان"، هەروەها دەڵێت، ئەو بانگەشانە "پاساون بۆ سیاسەتی نکۆڵیکردنی سیاسی لە زیاتر لە پێنج ملیۆن سووریایی کە هیچ بنەمایەکیان نییە."
ئاماژە بەوەش دەکات هەر بڕیارێک لە چوارچێوەی ئەم "سیستمی پەراوێزخستنەدا بدرێ، جێبەجێی ناکەین و بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پابەندکەر نابێت".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بە بڕیاری 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە پشتگیری لە قۆناخی راگوزەری سیاسیی گشتگیر دەکات و داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات دان بە هەڵبژاردنەکاندا نەنێن، چونکە بە گوتەی خۆی لەگەڵ بڕیارەکەدا ناگونجێن.
دەشڵێت: "جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە دۆخی سووریا بە دانانەوەی هەمان سیاسەتەکانی جاران چارەسەر نابێ، بەڵکو بە رێگەی سیاسیی گشتگیر کە چارەسەر دەکرێ کە هەموو سووریاییەکان بە هەموو پێکهاتە جیاجیاکانیانەوە بە ویستی ئازادی خۆیان تێیدا بەشدار بن، بۆ گەیشتن بە سووریایەکی دیموکراسی فرەلایەنی ناناوەندی کە مافەکان گەرەنتی بکات و ئاسۆ لەبەردەم ئاشتی و ئارامیدا بکاتەوە."
حکومەتی راگوزەری سووریا کە لە ئاداری 2025 بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع پێکهێندرا، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەکات کە بڕیارە لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنەکە بە مۆدێلێکی ناڕاستەوخۆ دەبێت کە تێیدا دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران لە رێگەی دەستەی هەڵبژاردنەوە هەڵدەبژێردرێن و یەک لەسەر سێی دیکەشیان لەلایەن شەرعەوە دادەنرێن.
بەڵام لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا، رۆژی شەممە بە رووداوی رایگەیاند، بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنی"، هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانی حەسەکە، رەققە و سوەیدا دوادەخرێن.
هەردوو پارێزگای حەسەکە و رەققە لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان، کە ئەمەش سنوورداریی دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق نیشان دەدات.
ئەم ناکۆکیانە دوای رێککەوتنێکی ئاداری 2025 دێ کە لەنێوان حکومەتی راگوزەر و هەسەدە واژۆیان کرد بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، بەڵام زۆربەی بڕگەکانی جێبەجێ نەکراون، ئەوەش بێ متمانەیی نێوانیانی زیاتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ