رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆکانیان سەر بە شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقە، لە هەرێمی کوردستان تیژڕۆیی بکەن کامێراکان تۆماریان دەکات و لەمەولا سزا دەدرێن.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: دوای تۆمارکردنی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەکە، بەپێی ژمارەکەی، دۆسێکەی رەوانەی پارێزگاکەی خۆی دەکرێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەیان نێوەڕاست و خوارووی عێراقە، لە پارێزگاکەی خۆیان پارەی پێبژاردن دەدەن.
بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت، "لەمەودوا هەر ئۆتۆمبێلێکی تابلۆی هەرێمی کوردستانیش لە شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق سەرپێچی هاتووچۆ بکات، دۆسیەکەی دەنێردرێتەوە هەرێمی کوردستان و لێرە دەبێت پارەی پێبژاردنەکە بدات".
شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو: "شۆفێرانی بەڕێز، تەنانەت ئەگەر تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەتان هی شارەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق یان تابلۆی بیانی بێت، پێویستە پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لە هەرێمی کوردستان هەموو جۆرە تابلۆیەک تۆمار دەکەن و دواتر سزای دارایی دەدرێن".
پێشتر ئۆتۆمبێلی تابلۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق لە هەرێمی کوردستان هەرچەند تیژڕۆییان بکردایە و لە کامێراکان تۆمار بکرابان، هیچ پێبژاردنێکیان بۆ نەدەکرا. بۆیە زۆربەی ئۆتۆمبێلی هەڵگری تابلۆی ئەو شارانە، لەسەر شەقام پابەندی خێرایی رێگەپێدراوی شەقامەکە نەدەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ