رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سودانی، رەزامەندیی لەسەر راسپاردەکانی لیژنەیەکی تایبەت دا بۆ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی وەبەرهێنان و بەڕێوەبردنی سەکۆکانی نەوتی بەندەرەکانی عێراق، بەهۆی "گومانی گەندەڵی و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی."
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-08-2025 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکە وەک بەشێک لە کارنامەی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە "گومانی گەندەڵی" لە واژۆکردن و جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانەدا کراوە، هەروەها بەهۆی "لاوازیی سوودی ئابوورییان و ئەو زیانە گەورەیەی بەر پشکی کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق کەوتووە، کە تێیدا بەرژەوەندیی چەند کۆمپانیایەکی تایبەت لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی و دەوڵەت پێشخراوە."
راسپاردەکانی لیژنە تایبەتەکە ئەوە لەخۆدەگرن کە تەواوی دۆسیەکە رەوانەی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بکرێت بۆ ئاشکراکردنی کەمتەرخەمان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی پێویست.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، "بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی گونجاو بۆ پاراستنی سامانی دەوڵەت و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی گشتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ