بزانە مادەی هۆشبەر چۆن ژیان دەشێوێنێت؛ 'زیاتر لە 12 جار دەستدرێژیم کراوەتە سەر'

24-08-2025
پەیمان محەممەد
قوربانییەکی مادەی هۆشبەر قسە بۆ شەهیان دەکات.
قوربانییەکی مادەی هۆشبەر قسە بۆ شەهیان دەکات.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی ئالوودەبووی مادەی هۆشبەر کە پەشیمانە لە بەکارهێنانی، دەڵێ، بەو هۆیەوە هەموو شتێکی لەدەستداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، چەندین جار دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر بۆ ئەوەی بێبەرامبەر مادەی هۆشبەر بدرێتە هاوژینەکەی.
 
شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونێکی مەیدانی بۆ دۆخی ئەو ژنانە کردووە کە ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوون و ئێستا لە چاکسازییەکاندا راگیراون. یەکێک لە ئالوودەبووان کە ژنێکی تەمەن 25 ساڵانە و چوار مانگە دەستگیرکراوە، باسی کاریگەرییەکانی مادەکەی لەسەر ژیانی کرد.
 
ئەو هاونیشتمانییە کە دایکی منداڵێکە و لە ساڵی 2020 ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوو، گوتی، ''لە هاوژینەکەمەوە فێر بووم، واتە بە زۆر فێری کردم، دەیگوت ئەگەر تۆ مادەکە بەکاربهێنیت، بۆ منیشی پەیدا دەکەیت.''
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، هاوژینەکەی لەژێر کاریگەریی مادەکەدا بە زەبری لێدان ناچاری کردووە خۆی بە هاوڕێکانی بناسێنێت و گوتی: ''برادەرەکانی دەهێنایەوە ماڵەوە و دەیگوت دەبێ لەگەڵیان بی، قسەیان لەگەڵ بکەی، لەگەڵیان دابنیشیت، خزمەتیان بکەیت و هەرچیان گوت بە قسەیان بکەیت.''
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، لە ترسی گیانی و بە زەبری لێدان و کوتان، ناچار بووە داواکارییەکانی هاوژینەکەی جێبەجێ بکات و دەڵێ: ''ناچار بووم، ئەگەر نەمکردایە، لێی دەدام، دەیبەستمەوە.''
 
ئەو ژنە گوتی: ''زیاتر لە 12 جار دەستدرێژیی سێکسیم کراوەتە سەر، سەرجەمیان برادەرەکانی هاوژینەکەم بوون. شەش یان حەوت برادەری هەبوون کە دەستدرێژییان دەکردە سەر من، ئینجا مادە هۆشبەرەکەیان بەبێ پارە دەدا بە پیاوەکەم.''
 
بەگوتەی خۆی، دواتر لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە مادەی هۆشبەر وەلابنێت و گوتی: ''ئەویش گیرا، ژیانی منیشی فەوتان، هی خۆیشی.''
 
هەندێک جار بازرگانانی مادەی هۆشبەر سەرەتای بەکارهێنان، بێبەرامبەر مادەکە بۆ گەنجان دابین دەکەن بۆ ئەوەی وردە وردە بکەونە داویانە و ئالوودە بن. ئەو هاونیشتمانییە گوتی: ''مادەی هۆشبەر بە جۆرێکە کە ئەگەر [بێ بەرامبەر] بتدەنێ، دواتر مەرجێکت هەر بۆ دادەنێن، ئەوکات ناچاری بە پارە یان بە جەستەت لێیان وەربگریت، یان کارێکی دیکە بکەی. واتا بۆ وەرگرتنی ئەو مادەیە دەبێ شتێکیان بۆ بکەیت و بێبەرامبەر نییە.''
 
''لە کەسوکارم دوورکەوتمەوە''
 
یەکێک لە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، گۆشەگیربوونی بەکارهێنەر و دوورخرانەوەی لە کۆمەڵگەیە. ئەو هانیشتمانییە گوتی: ''سەرەتا کە فێری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بووم، لە کەسوکارم دوور کەوتمەوە. سێ یان چوار جار گەڕامەوە بۆ ماڵی باوکم، بەڵام چونکە مادەکەم بەکاردەهێنا، لەوێ نەدەحاوامەوە و دەڕۆیشتم.''
 
ئەو ئالوودەبووەی مادەی هۆشبەر باسی لەوە کرد، بۆ ئەوەی واز لە مادەکە بهێنێت، کەسوکاری پاڵپشتیی زۆریان کردووە و بردوویانەتەوە لای خۆیان و گوتی: ''باوکم پێی دەگوتم هێشتا تێر بۆنی تۆم نەکرد، بۆچی تووشی ئەو نەهامەتییە بوویت. من لەبەر ئەو مادەیە نەدەچوومەوە نێو خێزانەکەم. دوو یان سێ رۆژ لەوێ دەبووم و هەڵدەهاتم.''
 
''ئێستا وەکو پێشوو لای کەسوکارم رێزم نەماوە''
 
بەگوتەی خۆی، چوار مانگە لە چاکسازیدایە و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سەردانی نەکردووە و گوتی: ''بیری منداڵەکەم دەکەم، هەموو کات بیر لەوە دەکەمەوە ئایا رۆژێک دێت کە من دەستی منداڵەکەم بگرم و بچین شتی بۆ بکڕم؟''
 
ئەو هاونیشتمانییە پێی وایە، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە رێزی مرۆڤ کەم دەکاتەوەو رایگەیاند: ''ئەگەر لە زیندانیش ئازاد بم، پێم وانییە کەسوکارم ئەو رێزەم لێ بگرن کە پێشتر هەمبوو، تەنانەت لای خەڵکیش هەر بەو شێوەیەیە. هەموو کات بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر رۆژێک بچمەوە نێو کەسوکارم هیچ رێزێکم دەبێت؟''
 
ئەو ئالوودەبووەی مادەی هۆشبەر ئاموژگاری دەداتە تووشبووان و دەڵێت: ''هەموو کەس دەتوانێ واز لە مادەکە بهێنێ، دەتوانێ لێی دوور بکەوێتەوە. ئەوەی بڵێ ناتوانم، راست نییە، چونکە من لەو کاتەوەی گیراوم، مادەی هۆشبەرم لە جەستە چووەتە دەرەوە و ئازادیش بکرێم، جارێکی دیکە دووبارەی ناکەمەوە''.
 
هاوکات پێشنیاز بە گەنجان دەکات کە ''بە هیچ شێوەیەک نزیکی مادەی هۆشبەر نەکەون، چونکە دووریان دەکاتەوە لە کەسوکاریان و ئابڕووی خۆیان و خێزانیان دەبات، ئەوەی خراپە بەسەریان دێنێت.''
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە هەزار و 100کەس لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەکاتێکدا هەموو ساڵی پار ژمارەکە هەزار و 568 کەس بووە.
 
هەروەها پار لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر 466 کیلۆ و 172 گرام ماددەی هۆشبەر، 45 کیلۆ و 564 گرام حەبی کاپتاگۆن و 30 هەزار و 240 پارچە حەبی دیکەی هۆشبەردا گیراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.