رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە قۆناخێکی نوێدا، رەزامەندیی لەسەر پێدانی زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینانی پێشمەرگە داوە. بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: "لەو ژمارەیە نزیکەی سێ هەزاری بۆ یەکەی 80ـیە و 7 هەزار بۆ یەکەی 70ـیە".
رۆژی یەکشەممە، 24-08-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە قۆناخێکی نوێدا، رەزامەندیی لەسەر پێدانی زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینانی پێشمەرگە داوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێستاش وردبینی بۆ ناوی 20 هەزار لە فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کراوە، بڕیاریشە بەمزووانە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی تەرخانکردنی زەوییان بۆ دەربکات."
هاوکات سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارەکانی دابەشکردنی زەوی لەلایەن لیژنەیەکەوە دەکرێت و ئێستا خەریکی پرۆسەی وردبینین، ئەگەر دەرکەوت هەر فەرمانبەرێک پێشتر سوودمەند بووبێت، مافی وەرگرتنی زەویی نابێت."
بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لەوەش کرد: "سوودمەندبووان لیواکان و هەردوو یەکەی 70 و 80ـن، کە یەکەی 70 نزیکەی 7 هەزارە، یەکەی 80 زیاتر لە دوو هەزار و 600 کەسە و ئەوەی دەمێنێتەوە لیواکانن."
نزیکەی 200 هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و بە تێکڕاش نزیکەی 480 هەزار پارچە زەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بە کۆی گشتی 65,668 ناو لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی نێردراون، کە بە 7 قۆناخ زەوی بەسەر پێشمەرگەکاندا دابەش دەکرێت و فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80ـیش دەگرێتەوە.
قۆناخەکان بەمشێوەیەن:
قۆناخی یەکەم؛ 9,165 کەس سوودمەندبوون.
قۆناخی دووەم؛ 9,579 کەس سوودمەندبوون.
قۆناخی سێیەم؛ 15 هەزار کەس سوودمەند دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ