ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بۆ رووداو: هاوکاریمان لەگەڵ پێشمەرگە لە باشترین ئاستدایە

24-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، چەکدارانی داعش شوێنی خۆحەشاردانیان لە وڵاتدا نەماوە و چیدیکە مەترسیی گەورە نین. ئاماژە بەوەش دەکات، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە واتای کۆتاییهاتنی هاوئاهەنگی نایەت لەگەڵیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025 فەریقی یەکەمی روکن د. قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داعش چیدیکە مەترسییەکی گەورە نییە بۆسەر عێراق، تەنیا کەمێک جموجووڵ و چەند شانەیەکی نووستووی لە هەندێک ناوچەی کەرکووک و بیابانی ئەنبار ماوە و ئەوانیش لەنێودەبەین."
 
د. قەیس گوتی، "چەکدارانی داعش شوێنی خۆحەشاردانیان نەماوە و چیدیکە خەڵکی نایانگرنە خۆیان. ئێمەش لە ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ بنبڕکردنیان بەردەوام دەبین."
 
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014وە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق جێگیرن، پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەش ئەمریکایە.
 
لەبارەی هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان و کشانەوەیان، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گوتی، "هاتنی سوپای هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش بوو. ئێستا لیژنەیەکی تایبەت هەیە کە لەگەڵ هاوپەیمانان گفتوگۆ و کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان."
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرن.
 
سەبارەت بە پێویستیی عێراق بە هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، د. قەیس مەحمەداوی ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو سوپایەک لە جیهاندا پێویستی بە نوێکردنەوە و پەرەپێدانی تواناکانی هەیە. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش بە واتای کۆتاییهاتنی هاوئاهەنگیمان نایەت لەگەڵیان، هەوڵە هاوبەشەکانیشمان بۆ بنبڕکردنی تەواوەتی داعش بەردەوام دەبن."
 
لەبارەی هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت: "هاوئاهەنگی ئاست باڵامان لەگەڵ فەرماندەییەکانی پێشمەرگە هەیە و هاوکارییە دوولایەنەکانمان لە باشترین ئاستدایە."
 
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "دوو لیوای هاوبەشمان لەگەڵ پێشمەرگە هەیە و پێکەوە لە هەوڵی بەردەوامین بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان."
 
د. قەیس مەحمەداوی راشیگەیاند، "لەگەڵ پێشمەرگە 5 ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە کە دەکەونە سنووری کەرکووک، نەینەوا و دیالە. ئامانجیش لەو ناوەندە هاوبەشانە، بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی دوولایەنە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە