رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە دوو هەزار سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان کارتی نیشتمانییان نییە. راشیگەیاند، رەزامەندییان وەرگرتووە و هەفتەی داهاتوو دەست بە رێکارەکانی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ سزادراوان.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازی کردووە کە تێیدا هاتووە، پێویستە بە زووترین کات پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی پارێزگاکانەوە بکەن و هاوئاهەنگییان لەگەڵدا بکەن، بە مەبەستی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بەشێکی زۆری سزادراوان چەند ساڵێکە مامەڵەکانیان پەکی کەوتووە، لەو چوارچێوەیەدا و دوای هەوڵێکی زۆر، رەزامەندیمان لە حکومەتی عێراق وەرگرتووە بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئەو سزادراوانەی نییانە؛ تاوەکو مامەڵەی بەشەخۆراک و منداڵەکانیان نەوەستێت.''
وەک ئیحسان عەبدولڕەحمان باسی کرد، لە هەموو هەرێمی کوردستان نزیکەی 6 هەزار کەس دەستبەسەرکراون، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 335 سزادراو کارتی نیشتمانییان نییە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە هەفتەی داهاتوو دەست بە رێکارەکان بکەن و لیژنەیەک بۆ ئەم مەبەستە پێکدەهێندرێت، کە سەردانی چاکسازییەکان دەکەن و کارتی نیشتمانییان بۆ دەردەهێنن.
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازی هەن؛ دوو لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووش لە دهۆکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ