دەم پارتی داوا دەکات لیژنەی پەرلەمان گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرێت

24-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەریی "بەخێرایی پێویست و چاوەڕوانکراو" بەڕێوەناچێت. داوای لە لیژنە پەرلەمانییەکە کرد گوێ لە بۆچوون و پێشنیازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 24می ئەیلوولی 2025، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە رۆژەڤی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی کرد و تێیدا چەند خاڵێکی خستەڕوو.
 
ئایشەگول دۆغان، رایگەیاند، "گرنگترین شت لای ئێمە، بنیاتنانی بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزە بۆ پرۆسەی چارەسەری. بۆ ئەمەش رامانگەیاندووە کە شەفافییەت زۆر بە گرنگ دەزانین. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەوانەی سوورن لەسەر کردەوە نادیموکراسییەکان کە ئامانجیان بەکۆمەڵایەتیکردنی پرۆسەکەیە، تەنیا دەتوانن دژبەرانی پرۆسەکە بن." 
 
گوتەبێژی دەم پارتی، ئاماژەی بە 80یەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کرد و گوتی، "پێویستە هەموو ئەو لێدوان و بانگەوازانەی بۆ هاودەنگی دەکرێن، بە هەنگاوی کۆنکرێتی پشتیوانی بکرێن بۆ ئەوەی ببنە هۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی. لە غەززە کۆمەڵکوژییەک روودەدات کە دەتوانین بڵێین نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دانی پێداناوە. بۆیە پێویستە بە زووترین کات لە غەززە ئاگربەست رابگەیێندرێت و زەمینە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی خۆش بکرێت." 
 
دۆغان، باسی لەوە کرد پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا، بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی و گوتی، "جیهان بە وردی چاودێری دەکات کە تورکیا لەم پرۆسەیەدا چ هەڵوێستێک وەردەگرێت."
 
سەبارەت بە کارەکانی ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە، گوتەبێژی دەم پارتی گوتی: "کارەکانی لیژنەکە بەردەوامە. بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان، پرۆسەکە بە خێرایی پێویست بەڕێوەناچێت و ئەمەش نیگەرانیی لەناو رای گشتیدا دروستکردووە. لە مانگی ئایاردا، پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی راگەیاند. دوای ئەوە، لە مانگی تەممووزدا چەکەکانی سووتاند و لەناوی بردن. هەنگاوی کۆنکرێتیی نا." 
 
گوتەبێژی دەم پارتی، رەخنەی لە کارەکانی لیژنەکەی پەرلەمان گرت و گوتی، "نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، لە کارەکانی لیژنەدا دەستمان لە بیروڕای کەس وەرنەداوە’. لێرەدا وەک دەم پارتی دەمانەوێت راستکردنەوەیەک بکەین، دەستوەردان کرا. لە لیژنەی پەرلەماندا، دەستوەردان لە قسەکردنی دایکانی ئاشتی بە زمانی کوردی کرا. ئەم دەستوەردانە لە مێژوو تۆمار کرا."
 
ئایشەگول دۆغان جەختی لە گرنگیی رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پرۆسەکەدا کردەوە و گوتی، "بانگەوازمان بۆ لیژنەکە دووبارە دەکەینەوە، نابێت لە شوێنی خۆتاندا بوەستن. پێویستە بە بوێرییەوە خاوەندارێتی لەو قسەیە بکرێت کە لە پەرلەماندا کراوە: پێویستە گوێ لە ئۆجەلان بگیرێت، دەبێت بۆچوون و پێشنیازەکانی ئۆجەلان بگاتە ئەم لیژنەیە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.