رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بەردەوامیی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران دووپات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی ئەیلوولی 2025، د. عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی (بۆ هەر 100 دۆلارێک 132,000 دینار) لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەردەوامە.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی: "پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی سەرجەم گەشتیارانی رێگەی ئاسمانی دەگرێتەوە، بە عومرەکارانیشەوە."
بە بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق، بڕی 3000 دۆلار لە فڕۆکەخانەکان دەدرێتە گەشتیاران، ئەوەش دوای ئەوەی گەشتیار دەبێ رۆژێک پێش گەشتەکەی بەڵگەنامەی گەشتکردن و بڕی پارەکە بە دینار لە یەکێک لە لقەکانی بانکی TBI دابنێ. ئیدی رۆژی گەشتەکەی لە فڕۆکەخانە 3000 دۆلارەکە وەردەگرێ.
هاوکات سەرچاوەیەک لە بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) بە رووداوی گوت: "پێدانی دۆلار بەردەوامە. رۆژانە لە هەریەکە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی نزیکەی 200 کەس بڕە دۆلارەکە وەردەگرن."
بەگوێرەی بانکەکە، گەشتیار دەبێ تیکت، ڤیزە، کارتی زانیاری و نیشتمانی پێشکێش بکات، لەگەڵ بڕی سێ ملیۆن و 960 دینار.
دیارترین مەرجەکانی پێدانی دۆلار لەلایەن بانکی TBI
- سەردانیکردنی یەکێک لە لقەکانی TBI
- پێویستە کەسەکە گەشتیار بێ و 18 ساڵی تەواو کردبێ
- وڵاتینامەی عێراقی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، ڤیزە و تیکتی فڕۆکەی پێبێت
- تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانە گەشت دەکەن.
- نابێ گەشتیار گەشتەکەی بۆ ئەو وڵاتانە بێ کە لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادان، لەوانە ئێران، رووسیا، سووریا و لوبنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ