پزیشکیان: بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ پلانێکی هەمەلایەنە جێبەجێ دەکرێت

24-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، پلانێکی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ جێبەجێ دەکرێت کە تێیدا کەڵک لە توانا زانستییەکانی ئێران و ئەزموونی وڵاتانی جیهان وەردەگیرێت.
 
پزیشکیان شەوی پێنجشەممە لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای ورمێ رایگەیاند، حکومەت پابەندە بە بەڵێنەکانی سەبارەت بە ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ و بۆ ئەم مەبەستەش پلانێکی هەمەلایەنە ئامادە دەکات.
 
سەرۆککۆماری ئێران گوتی، بەپێی پلانەکە، بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ کەڵک لە توانا زانستییەکانی ئێران و ئەزموونی وڵاتانی جیهان وەردەگیرێت.
 
بە گوتەی پزیشکیان، لە چوارچێوەی پلانەکەدا چەندین لێکتێگەیشتنێک لە نێوان پارێزگاریی ورمێ، زانکۆکانی ورمێ و تەورێز و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان واژۆ کراون.
 
مەسعود پزیشکیان دەڵێت، بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ هاوئاهەنگیی لەگەڵ رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکەن.
 
سەرۆککۆماری ئێران پێیوایە کەمبوونەوەی بەرچاوی بارانبارین و گۆڕانی کەشوهەوا لەم ساڵانەی دواییدا بوونەتە هۆی دابەزینی سەرچاوەکانی ئاو لە سەرانسەری ناوچەکەدا، و پێویستە گۆڕانکاری لە جۆری کشتوکاڵ و شێوازی ئاودێریی ناوچەکەدا بکرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی ژیاندنەوەی دەریاچەکە بەردەوام بێت.
 
لێدوانی مەسعود پزیشکیان لەبارەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە کاتێکدایە، پەرلەمانتارێکی شارەکە رەخنەی لەوە گرتووە، کە 51٪ی ئەو ئاوەی بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەکە تەرخان کراوە ناگاتە دەریاچەکە.
 
سەلمان زاکر، پەرلەمانتاری ئازەریزمانی شاری ورمێ رۆژی پێنجشەممە، 23-10-2025، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران و ژمارەیەک چالاکڤانی شارەکە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران لە ورمێ رایگەیاند، زۆربەی ئەو ئاوەی بە ناوی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە رووبارەکانی جەخەتوو و تەتەهوو دابین دەکرێت، ناگاتە دەریاچەی ورمێ و دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ساڵانە 300 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی ئەو دوو رووبارە بۆ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز و شارەکانی دەوروبەری) دەگوازرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.