رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان پێشبڕکێیەکی بۆ تاقیکردنەوە لە 40 فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) لە هەرێمی کوردستان رێکخست. سکرتێری رێکخراوەکە دەڵێت، 50 هەزار کەس لە 54 شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان کرد و زۆرترینیان لە هەولێر بوون، پاشان سلێمانی، دواتر هەڵەبجە و دهۆک.
ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023، هیوا رەفعەت، سکرتێری گشتیی رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابییانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ پێشبڕکێکەمان لە 54 شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد، کە لە کۆتاییدا 30 کەس لە یەکەمەکان خەڵات دەکرێن."
سکرتێری گشتیی رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابییانی کوردستان کە سەر بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە گوتی، تاقیکردنەوەکە لە 40 فەرموودەی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بوو؛ ئەو خەڵاتانەش بۆ سەرکەوتووان دانراون جۆراوجۆرن؛ خەڵاتی یەکەم سێ ملیۆن دینارە؛ خەڵاتەکانی دیکەش بەشێکیان پارە، بەشێکیان عومرە، بەشێکی دیکەیان لاپتۆپ و مۆبایلی زیرەکن؛ گوتیشی، "لە ئاستی شارەکانیشدا خەڵاتی تایبەت بۆ سەرکەوتووان دەبێت و ژمارەی خەڵاتەکان زیاتر دەبن."
پڕۆژەکە لە 54 شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. هیوا رەفعەت دەڵێت، 55 هەزار کەس ناویان بۆ تاقیکردنەوە نووسیبوو، بەڵام 50 هەزار کەس بەشدارییان کرد؛ گوتیشی، "زۆرترین بەشدار بوو لە هەولێر بوو کە 4 هەزار کەس بوون؛ لە سلێمانی سێ هەزار کەس؛ لە هەڵەبجە نزیکەی دوو هەزار و لە دهۆکیش نزیکەی هەزار و 500 کەس بەشداریی تاقیکردنەوەکەیان کرد."
تاقیکردنەوەکە لەبارەی ئەو فەرموودانەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) بوو کە تایبەتن بە پەروەردە، سرووش و رەوشتەوە. بەشداربوونیش لە هەردوو رەگەز بوون و تەمەن تێیدا پێوەر نەبوو.
ئەو شار و شارۆچکانەی پێشبڕکێکەیان تێدا بەڕێوەچوو ئەمانەن؛ هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، كەركووك، زاخۆ، کەلار، رانیە، دەربەندیخان، چەمچەماڵ، كۆیە، سۆران، رواندز، سەیدسادق، هەورامان، شارەزوور، بەردەڕەش، شەقڵاوە، ئاكرێ، ئامێدی، خەبات، كەورگۆسك، مەخموور، دووکان، بازیان، پیرەمەگروون، عەربەت، پێنجوێن، حاجیاوا، چوارقوڕنە، سەرووچاوە، شكارتە، قەڵادزێ، سەنگەسەر، دۆڵی بالیسان، قەسرێ، رواندز، شیلادزێ، شۆڕش، تەکیە، تەقتەق، خوورماتوو، داقووق، پردێ، قەرەتەپە، سەرقەڵا، كفری، كەلەكچی، شێخان، قەسرۆك، خەلیفان، باسرمە، سیروان، ژاراوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ