رووداو دیجیتاڵ
لایەنە پەیوەندیدارەکانی کارەبا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، پچڕانی کارەبا لە پارێزگاکان لە کاتی جیاوازدا هەیە و مەبەستەکەش رێگریکردنە لە کوژاندنەوەی گشتی؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، لەم یەک دوو رۆژەدا کێشەکە چارەسەر دەبێ.
نزیکەی هەفتەیەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی جیادا بۆ ماوەیەک کارەبا دەپچڕێ.
رۆژی دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند رۆژێکە لە پارێزگای هەولێر کێشەی پچڕانی کارەبا هەیە، بەڵام کێشەکە تەکنیکییە و پەیوەندی بە سیستمەکەوە هەیە تاوەکو کوژاندنەوەی گشتی روونەدات؛ هەر جارە و لە پارێزگایەک چەند کاژێرێک کارەبا دەبڕدرێ".
زیاتر لە 600 هەزار هاوبەش و زیاتر لە 100 فیدەری کارەبا لە پارێزگای هەولێر هەن. بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر گوتی: "ئەو شوێنانەی گوشاری زیاتریان لەسەرە، زۆرتر رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبنەوە، بەڵام لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەداین و لەم یەک دوو رۆژەدا چارەسەر دەبێ".
هاوکات سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت: "دوێنێ لە سلێمانیش هەندێک وێستگە کارەبایان نەبوو، بەڵام کێشەکە بەهۆی سیستمەوە بوو بۆ ئەوەی کوژاندنەوەی گشتی روونەدات".
بە گوتەی سیروان محەممەد، وەزارەتی کارەبا لە دوێنێوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات و بەم زووانە چارەسەر دەکرێ.
هاوکات کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە رووداوی گوتی، دوێنێ کێشەیەک بوو "بەڵام هەر دوێنێ شەو چارەسەر کرا".
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە گوتی: "ئێستا هیچ کێشەیەک لە هەڵەبجە نەماوە و دۆخی کارەبا ئاساییە".
لە رۆژانی ئاساییدا لە هەرێمی کوردستان 4,200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێ. بەپێی ئاماری وەزارەتی کارەبا، ملیۆنێک و 131 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەن، زۆرترینیان لە هەولێر و کەمترینیشیان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ