وەزارەتی بازرگانی: 93.91٪ـی هاووڵاتییان فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان پڕکردووەتەوە

24-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک، لە پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین و لە پارێزگای دهۆک کەمترین کەس فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر دەڵێت: "هیچی دیکە کاتەکە درێژ ناکرێتەوە؛ ئەوانەی مامەڵەیان نەکردووە دەبێت ساڵی نوێ بە پارە بیکەن".
 
رۆژی دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی بازرگانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەپێی دوایین ئاماری پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی (خۆراک) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، 94.14٪ـی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، لە پارێزگای سلێمانی 93.68٪ و پارێزگای دهۆک 93.67٪ و پارێزگای هەڵەبجەش 96.80٪ کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی دا هاتووە، 294 هەزار و 432 کەس تاوەکو ئێستا فۆڕمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە.
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچی دیکە کات درێژ ناکرێتەوە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی؛ دوای چەندین جار درێژکردنەوەی کاتەکە، ئێستاش رۆژانە خەڵک دێن و داوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەکەن، بەڵام کاتەکەی تەواو بووە."
 
بە گوتەی سیامەند قادر نانەکەلی، ئەوانەی ماونەتەوە تەنیا دەتوانن دوای سەری ساڵ و دوای کارابوونی خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاووڵاتییان لەنێو ئەپلیکەیشنەکە، ناویان تۆمار بکەن. گوتیشی، "تاوەکو ئەوکاتە بەشەخۆراک وەرناگرن و بۆ مامەڵەکانیشیان پێویستە بۆ هەر کەسێک 6 هەزار دینار بدەن."
 
رۆژی 10ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئەپڵیکەیشنی فۆڕمی خۆراک بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەکەنەوە بۆ ئەو خێزانانەی لە قۆناخی سەرەتادا ناویان تۆمار نەکردووە و بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕدراوە؛ پرۆسەکە تاوەکو 12:00ـی شەوی 20ـی هەمان مانگ بەردەوام بوو.
 
یەکەمجار رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و لە 2ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ داخرا.
 
پێش گۆڕینی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.