رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی نەوت بەسەر پەروەردەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەستی پێکراوە. بەڕێوەبەری پەروەردەکانی هەڵەبجە و کەرکووک دەڵێن، هێشتا دەستی پێنەکردووە.
رۆژی دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە پارێزگای هەولێر، بەپێی بەرنامە دەست بە دابەشکردنی نەوت بەسەر ناوەندەکانی خوێندن دەکرێ. ئەمڕۆش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەولێر لە چوار پەروەردە دەستیپێکرد."
ساڵانە لە وەرزی سەرمادا نەوت بەسەر قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێ. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتی: "2 ملیۆن لیتر نەوت بۆ 8 پەروەردە لە سنووری پارێزگاکە دابینکراوە، بەپێی ژمارەی هۆڵەکان بەسەر قوتابخانەکان دا دابەشدەکرێ. هەر پەروەردەیەک لیژنەی تایبەتی خۆی هەیە کە سەرپەرشتیی دابەشکردنەکە دەکات."
لە پارێزگای دهۆک نزیکەی هەفتەیەکە دەست بە دابەشکردنی نەوت بەسەر پەروەردەکان کراوە. نەبیل شنگالی، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتیی دهۆک بە رووداوی گوت: "بەپێی هۆڵەکانی خوێندن، نەوت بەسەر قوتابخانەکان دابەشدەکرێ."
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتیی دهۆک، لە پارێزگاکەدا 1460 قوتابخانە هەن.
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەم هەفتەیە دابەشکردنی نەوت دەستی پێکرد. ملیۆنێک و 750 هەزار لیتر بۆ پارێزگاکە دابینکراوە. نەوت بەسەر پەروەردەکانی پێنجوێن، دەربەندیخان، سەیدسادق، شارباژێڕ، رۆژهەڵات و رۆژئاوادا دابەش دەکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی: "پێویستە لە مانگێکدا نەوت دابەشبکرێت و بەشێک لە پەروەردەکان ئاگاداریان کردووینەتەوە کە پێویستیان بە نەوت نییە و نەوتی ساڵانی رابردوویان ماوە."
هاوکات سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکە دابەشکردنی نەوت دەستی پێنەکردووە، بەڵام ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشبکرێت."
بە گوتەی سۆران عومەر، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 146 قوتابخانە و باخچەی ساوایان هەن.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "لە پارێزگاکەمان هەمیشە لە مانگی 12 بەدواوە نووسراو دەکرێ بۆ پەروەردەکان و بەنزینخانەیەک دیاری دەکەن تاوەکو بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بڕۆن و نەوت وەربگرن، بەڵام بەهۆی رۆتینی زۆرەوە بەشێکی زۆری قوتابخانەکان وەری ناگرن."
لە 13-10-2024، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەو رۆژەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت دەستیپێکرد.
ساڵی رابردوو، دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ