رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، 342 دەرچووی ناوچە کوردستانییەکان و کەرکووک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون. راشیگەیاند، ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە خوێندکار وەردەگرێت.
رۆژی دووشەممە، 24-11-2025 د. خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا، ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەگوتەی د. خەتاب شێخانی ئەم ساڵ، 342 قوتابیی دەرچوو لە کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی کۆنمرەکانیان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون.
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، وەرگیراوان دەتوانن لە رێگەی زانکۆلاینەوە ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە و لە رۆژانی داهاتوودا پەیوەندیی بەو زانکۆیانە بکەن کە ناویان تێیدا وەرگیراوە.
د. خەتاب شێخانی ئەوەشی خستەڕوو، ''وەک وەزارەت ماوەی چەند ساڵێکە توانیومانە ژمارەیەکی باش کورسی بۆ قوتابییانی دەرچووی خوێندنی کوردیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دابین بکەین.''
وەک بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ژمارەیەکی زۆریش لەو قوتابییە دەرچووانەی کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە داواکارییان پێشکێش کردبوو، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگیراون.
وەک لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا خرایەڕوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرفەتێکی بۆ ئەو کەسانە رەخساندووە، کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگیراون، بۆ ئەوەی بەگوێرەی کۆنمرەکانیان دووبارە لە سیستمی زانکۆلاین داواکاریی پێشکێشی زانکۆکان بکەنەوە.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەم ساڵ 65 هەزار و 476 کورسی لە زانکۆکان دابین کراون کە کۆی پێشکێشکاران جیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان 54 هەزار و 278 دەرچوو بوون.
لە بەشێکی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا د. خەتاب شێخانی باسی لە ئەنجامی وەرگرتنی یەکەم گروپی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی گشتی لە زانکۆی هەڵەبجە کرد و گوتی، ''ئەم ساڵ 20 خوێندکار دەبن، بۆ ئەوەی بتوانین بە کواڵیتییەکی باشەوە پەروەردەی پزیشکییان بۆ دابین بکەین.''
بڕیارە هەر ئەمڕۆ بە فەرمی ناوی دەرچووان بنێردرێت بۆ زانکۆی هەڵەبجە، بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا بتوانن پەیوەندی بە زانکۆکەوە بکەن.
16ـی ئاداری 2024، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فەرمانی وەزاری بۆ کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە دەرکرد و، بڕی 200 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی ژێرخانی کۆلێژەکە تەرخان کرا، بەڵام ئەم ساڵ یەکەم جارە خوێندکار وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ