هەوڵ دەدرێت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان فیلتەر لەسەر تەلەگرام هەڵبگیرێت

25-11-2025
سینا سۆما
لۆگۆی تەلەگرام.
لۆگۆی تەلەگرام.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی هەڵگرتنی فیلتەر لەسەر تەلەگرام بووەتە رۆژەڤ. حکومەتی ئێران و کۆمپانیای تەلەگرام دەستیان بە دانوستاندن کردووە و بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، نزیکن لە رێککەوتن.
 
لیژنەیەکی 9 کەسیش لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێرانەوە بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی دانوستاندنەکان راسپێردراوە.
 
عەلیڕەزا عەباسی، فڕۆشیاری جلوبەرگ لە کرماشان دەڵێت: "دۆخی تەلەگرام زۆر خراپ بووە. چونکە تەلەگرام پێشتر سەرچاوەیەکی تایبەت بوو بۆ خەڵک. زیاتر ژنانی ماڵەوە لەو رێگەیەوە داهاتێکیان بەدەست دەهێنا، بەڵام ئێستا ئەویش بووەتە شوێنێکی وێران و کەس ناتوانێ سوودێکی ئەوتۆی لێ وەربگرێ."
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارە ریفۆرمخوازەکەی ئێران لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا بەڵێنی بە خەڵکی وڵاتەکەی دا، فیلتەر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵبگرێ. بەڵام لە کاتی دەستبەکاربوونیەوە بلۆک تەنیا لەسەر گووگڵ پلەی و وەتسئەپ هەڵگیراوە.
 
بەرپرسانی حکومەت رایانگەیاندووە، هەوڵ دەدەن بەر لە کۆتایی ئەم ساڵی هەتاوی فیلتەر لەسەر تەلەگرامیش هەڵبگرن، کە لە ساڵی 2018ـەوە لە ئێران فیلتەر کراوە.
 
عەلی فەریدی کیا دانیشتووی ناوچەی سەرفیرۆزئابادی کرماشان دەڵێت: "سنووردارکردن باش نییە، ئەوە خەریکە هەموو خەڵک فیلتەرشکێن بەکاردەهێنن. فیلتەرشکێنیش دەفڕۆشرێت، دەبێ بچی بکڕی و (پارە) خەرج بکەی."
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆری خەڵک کار و پیشەیان بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەستراوەتەوە و کاڵاکانیان لەو رێگەوە دەفڕۆشن، کە بە گوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەیان 11 ملیۆن کەس دەبێت. بەڵام فیلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیانێکی زۆری بۆ کار و پیشەی خەڵک هەبووە.
 
حەمید مورادی، دوکاندار لە کرماشان دەڵێت: "بەر لە فیلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چ تەلەگرام و چ ئینستاگرام، فرۆشتنمان بەراورد بە ئێستا کە فیلتەر کراون، نزیکەی چواریەکە. پێشتر ئەگەر 100 بوو، ئێستا بووەتە 20 یان 25. زۆر لاواز بووە."
 
وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای ئێران دەڵێت، 86٪ی بەکارهێنەرانی ئەنتەرنێت لە ئێران بۆ دەستپێراگەیشتنیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فیلتەرشکێن یان ڤی پی ئێن بەکاردەهێنن. بە گوێرەی خەملاندنەکانی وەزارەتەکە، بازاری فیلتەرشكێنەکان لەو وڵاتە لە نێوان 30 تریلیۆن تاوەکو 50 تریلیۆن تمەندایە.
 
ئارمین محەممەدیان، دانیشتووی کرماشان دەڵێت: "وەکو قوتابییەک زۆر پێویستمان بە فیلتەرشکێنە. بەڵام ئەو فیلتەرشکێنەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەرەو مالپەرە زەردەکان بڕۆین، واتە شتی خراپ. پێویستە فیلتەرشکێنیش بکڕین."
 
بە پێی راپۆرتی ساڵی 2024ی ژووری بازرگانیی ئێران، فیلتەرکردنی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رۆژانە زیاتر لە 9.5 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی وڵاتەکە دەگەیەنێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".