پەرلەمانتارێکی پارتی: لەگەڵ حکومەتی بنکە فراوانین و هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ پەراوێزخستنی یەکێتی

24-11-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
هەڵگورد شێخ نەجیب و کاروان یاروەیس کە میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو بوون
هەڵگورد شێخ نەجیب و کاروان یاروەیس کە میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو بوون
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای گفتوگۆکاندا شاندی یەکێتی جەختیان لەوە دەکردەوە کە "پۆست لای ئەوان گرنگ نییە"، بەڵام دوای ئەوەی لە پیرمام لەسەر پاکێجە سیاسییەکە رێککەوتن کراوە، یەکێتی لە قۆناخی دابەشکردنی پۆستەکاندا "سەقفی داواکارییەکانی بەرزکردووەتەوە" و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرێکوێرە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات وردەکاریی دانوستاندنەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پارتی وەک براوەی یەکەم دەستپێشخەری کردووە.
 
بە گوێرەی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، ستراتیژیەتی حیزبەکەی ئەوە بووە سەرەتا لەسەر "بەرنامەی سیاسی و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات" رێکبکەون، نەک پۆست. هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێت: "سەرەتا یەکێتی داواکارییان ئەوە بوو، کە گرنگی بە پرۆسە سیاسییە هاوبەشەکە دەدەن و بابەتی پۆست زۆر گرنگ نییە."
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، هەردوولا لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ داڕشتنەوەی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم پێکهێناوە و تەنانەت گەیشتوونەتە کارنامەیەکی هاوبەش بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردن و بەرپرسیارێتی لە داهاتووی هەرێمی کوردستاندا.
 
"لە پیرمام هیچ کێشەیەک نەبوو، کێشەکە دواتر دروست بوو"
 
هەڵگورد شێخ نەجیب روونیکردەوە، کە تاوەکو کۆبوونەوەکەی پیرمام، کە تێیدا پاکێجە سیاسییەکان یەکلایی کرانەوە، "هیچ گرفتێک لە نێوان هەردوولادا نەبووە". بەڵام کاتێک قۆناخەکە گوازرایەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر پۆستەکان، دۆخەکە گۆڕا.
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: "کاتێک هاتنە سەر باسی پۆستەکان، لێرەوە گرفت دروست بوو. یەکێتی سەقفی داواکارییەکانی بەرزکردەوە." ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە بەشێک لە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت ئەوە بووە کە یەکێتی ئەو کارتەی بۆ کۆتایی دانوستاندنەکان هەڵگرتووە.
 
پارتی دەرگای دانەخستووە، بەڵام چاوەڕێش ناکات
 
سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی یان بوونی "پلانی بی"، هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ پەراوێزخستنی یەکێتی، پارتی باوەڕی بە حکومەتێکی بنکەفراوان هەیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پارتی وەک براوەی هەڵبژاردن بەرپرسیارێتی لە ئەستۆیە و ناکرێت پەرلەمان پەکبخرێت.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: "پارتی تاهەتایە چاوەڕێ ناکات. خەڵکی ئێمە ماندووە و پارتی لەژێر ئەو بەرپرسیارێتییە دایە. ناکرێت وڵات بەبێ حکومەت و پەرلەمان بەڕێوەبچێت."
 
هەروەها ئاماژەی بە دۆخی بەغدا کرد و گوتی: "سوننە و شیعە خەریکی خۆکۆکردنەوەن، دەبێت کوردیش بە یەکگرتوویی بچێتە بەغدا، بۆیە پێویستە بە زووترین کات پەرلەمان کارا بکرێتەوە."
 
شیعە و سوننە یەکڕیزن، کورد پەرتەوازەیە
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، رەخنەی لە دابەشبوونی نێو ماڵی کورد گرت و گوتی: "بەداخەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی توانی هەموو ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان هێزە شیعەکان کۆبکاتەوە، سوننەکانیش ئەنجوومەنێکی سیاسی و نیشتمانییان دروستکرد، بەڵام ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی بووە هۆی ئەوەی کورد بە پەرتەوازەیی بچێتە بەغدا."
 
کاروان یاروەیس داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە رۆڵی خۆی بگێڕێت و گوتی: "وەک سەرۆکی دامەزراوەیەکی نیشتمانی، دەبێت کاک نێچیرڤان دەستپێشخەری بکات و لایەنەکان لە پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ و ئیسلامییەکان لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە."
 
یاروەیس جەختی کردەوە کە ئەگەر کورد بەم پەرتەوازەییەوە بچێتە دانوستاندنەکانی بەغدا بۆ پرسەکانی بودجە، مووچە و ماددەی 140، تووشی شکست دەبێت و گوتی: "تەنیا بە یەکڕیزی دەتوانین مافە دەستوورییەکانمان و قووتی خەڵک لە بەغدا بپارێزین."
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "ئێمە شەرم دەکەین کاتێک رۆژنامەنووسێکی عەرەب دەپرسێت ئایا کورد بە یەکگرتوویی دێتە بەغدا؟ ناچارین بڵێین نەخێر."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە