رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، کتێبێکی بەناوی "بە فێڵ جەنگ بۆ خۆت دروست دەکەیت" چاپ و بڵاوکردووەتەوە، لە کتێبەکەیدا ئاشکرای دەکات کە ئەو خاوەنی بیرۆکەی کۆچپێکردنی فەلەستینییەکان بووە بۆ دەرەوەی کەرتی غەززە.
یوسی کۆهین لە کتێبەکەیدا دەڵێت: "پلانی کۆچپێکردنەکە بەشێوەی کاتیی بووە."
بەڕێوەبەرەکەی پێشووی مۆساد، باسی شێوازەکانی کارکردنی 'مۆساد' و رێگەکانی بەکرێگرتنی سیخوڕ دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "لە چوارچێوەی کاری هەواڵگریدا رۆڵی 'شارەزای شوێنەوار'ی لە لوبنان و 'بازرگانی چا'ی لە سوودان بینیوە.
کتێبەکەی کۆهین بە وەشانی عیبری ناونیشانی 'بە فێڵ جەنگ بۆ خۆت دروست دەکەیت'ی هەڵگرتووە، لە کاتێکدا ناوی کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی جیاوازە: "شمشێری ئازادی: ئیسرائیل (مۆساد) و جەنگی نهێنی".
دەربەدەرکردنی دانیشتووانی غەززە و کۆچپێکردنی کاتی
یوسی کۆهین ئاشکرای دەکات، ئەو خاوەنی پلانی گواستنەوەی نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار فەلەستینی بووە لە غەززەوە بۆ سینای میسر، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023.
بەڕێوەبەری پێشووی مۆساد دەڵێت، پلانەکەی بەو شێوەیە بووە کە ئەم کۆچە "کاتی" بێت. روونیشی دەکاتەوە کە کابینەی ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر پلانەکە داوە و راسپێردراوە بۆ رازیکردنی وڵاتانی عەرەبی، بە پاساوی ئەوەی ئامانج لێی کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانییانە لەنێو سڤیلەکاندا.
سیسی پلانەکەی رەتکردەوە
کۆهین دەڵێت، گەشتی کردووە بۆ پایتەختی وڵاتە عەرەبییەکان، بەڵام بۆی دەرکەوتووە عەرەبەکان دەترسن لەوەی گواستنەوە کاتییەکە ببێتە گواستنەوەیەکی تاهەتایی، بۆیە پێی گوتوون ئامادەیە گەرەنتی نێودەوڵەتی بهێنێت کە کۆچەکە کاتی بێت.
لەمبارەیەوە پەیوەندی بە هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، ژاپۆن، چین و هیندستانەوە کردووە، بەڵام عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بابەتەکەی یەکلاکردەوە و بە شێوەیەکی یەکجارەکی پلانەکەی رەتکردەوە.
لەو کاتەدا پێشنیازێک هەبوو کە کۆهین خۆی ئەرکی سەرۆکایەتیی تیمی دانوستاندن بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام هاوڕێکانی لە سەرکردەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل پلانەکەیان لەبار برد.
لەخۆبایی بوون و شکستی پڕوپاگەندەی ئیسرائیل
یوسی کۆهین لە کتێبەکەیدا چەندین جار دووبارەی دەکاتەوە کە پێویستە سەرکردەکانی ئیسرائیل خاسیەتی خاکەڕاییان هەبێت، بەڵام وادەردەکەوێت کە خەریکی دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی لەخۆبایی بوونن. بۆ نموونە، سەری سوڕماوە چۆن زۆر کەس لە جیهاندا دژی ئیسرائیل دەوەستنەوە بەهۆی شەڕی کەرتی غەززە و، چۆن گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو کەرتەکە ئاوا زۆر بڵاودەکەنەوە.
لە جیاتی ئەوەی کۆهین رەخنە لە هێرشەکان بگرێت کە دانیشتووانی غەززەی کردە ئامانج و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس بە بیانووی لێدانی حەماس، ئەو پێیوایە کێشەکە لێرەدا لە شکستی پڕوپاگەندەی ئیسرائیلدایە، پێیوایە حکومەتی وڵاتەکەی هەوڵی پێویست نادات بۆ دەرخستنی راستییەکان و بەبازاڕکردنی هەڵوێستەکانی ئیسرائیل.
بە گوتەی کۆهین، حکومەتی ئیسرائیل، ئەوەی فەرامۆش کردووە کە لۆبیی ئیسرائیل لە جیهاندا خاوەنی دەسەڵاتێکی زەبەلاحە لە میدیادا، هەروەها ئەوەش فەرامۆش دەکات کە زۆر لە جووەکان لە هەڵمەتەکانی ناڕەزایەتی دژی رەفتارەکانی ئیسرائیل بەشدارن.
کۆهین لەوەش دوورتر دەڕوات و دەڵێت، سەرکردەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دووردەکەونەوە و هەستی مرۆڤایەتی و بەزەییان نییە بەرامبەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل، بۆیە بەپێی پێویست هەست بە ئازارەکانیان ناکەن، لە ئەنجامدا نازانن چۆن راستی ئەو مەینەتییەی خەڵک تێیدا دەژی بۆ رای گشتیی جیهان و تەنانەت ناوخۆش روونبکەنەوە. بە ڕای ئەو، ئەمە وادەکات جیهان بکەوێتە ژێر کاریگەریی 'حەماس' و پڕوپاگەندەکەی.
کۆهین شێوازی ئەو پڕوپاگەندەیە دەخاتەڕوو کە پێویستە ئیسرائیل پەیڕەوی بکات. لێدوانی سەرکردەکانی حەماس و بەدیاریکراوی خالید مەشعەل وەک نموونە دەهێنێتەوە، کە گوتی: چارەسەری دوو دەوڵەت رەتدەکاتەوە و دەیەوێت بەرەنگاری داگیرکاریی ئیسرائیل ببێتەوە لە فەلەستین لە رووبارەوە تاوەکو دەریا.
محەممەد عەلی کلای
کۆهین ئاماژە بەوە دەکات، سەرسامە بە بۆکسێنەری کۆچکردوو محەممەد عەلی کلای، کە دەیگوت: "سەرکەوتن یان شکست دوور لە چاوی جەماوەر بەدەست دێت، واتە پێش ئەوەی بچێتە سەر تەختەی بۆکسێن."
کۆهین دەڵێت: "مێردمنداڵێک بووم، خەیاڵم دەکرد بریکارێکم کە بە چاوی هەڵۆ و بە فێڵی رێوی و بە توانای بازدانی پڵنگ سیخوڕی دەکەم. کاتێکیش ئەرکەکە جێبەجێ دەکەم، خاوەنی ئارامیی نیشانەشکێن و خۆڕسکیی جادووگەرم، رووبەڕووی بەختی ئەنجامدانی ئەرک دەبمەوە لە بەیرووت، غەززە، خەرتووم و شوێنانی دیکە."
باس لە پێویستیی ئەوە دەکات کە پیاوی مۆساد دەبێت پەرۆشی باڵادەستی بێت بەرامبەر بەرامبەرەکەی. دەگێڕێتەوە چۆن کەسایەتیی 'شارەزای شوێنەوار'ی لە بەعلەبەگی لوبنان و کەسایەتیی 'هەواداری کۆکردنەوەی کیسە چا'ی لەبەردەم بازرگانێکی چای لوبنانی لە سوودان بەرجەستە کردووە.
شێوازی کۆنی سیخوڕی و خستنە داوی بەرپرسان
شێوازەکانی کارکردنی هەواڵگریی ئیسرائیل لە بەکرێگرتنی سیخوڕ ئاشکرا دەکات، کە هەمان شێوازە زۆر کۆنەکانن کە لە سەرەتای سیخوڕییەوە پێش هەزاران ساڵ بەکارهێنراون، لە رێگەی گەڕان بەدوای خاڵە لاوازە مرۆییەکان، قۆستنەوەی رەفتارە نەشیاوەکان، گەڕان بەدوای بەرژەوەندییەکان، دژبەری بەرژەوەندییەکان و پاڵنەرەکان (دارایی، ئایدۆلۆژی، سێکسی، ئەوینداری، رق و ئیرەیی و هتد..).
وەک پاساوێک بۆ ئەم شێوازانە دەڵێت: "دەبێت ئامانجەکە بزانێت کە زۆر شتی هەیە لەدەستی دەدات ئەگەر هاوکار نەبێت، بەم شێوەیە دەخرێتە ناو فێڵەکانی هەواڵگریی ئیسرائیلەوە. زۆر جار، کاتێک ئامانجەکە ئەفسەرێکی گەورەی سوپای سووریا یان زانایەکی ئەتۆمی ئێرانییە، تۆ بە جۆرێک دەیخەیتە ناو داوەکانتەوە کە هەڵدەستێت بە کارێک کە دەکرێت بە خیانەت وەسف بکرێت. کاتێک دەکەوێتە تەڵەکەوە، تاوەکو دوا سات دەیقۆزیتەوە، چونکە هەڕەشەی ئاشکراکردنی خیانەتەکەی لێ دەکەیت."
مەترسییەکی رووخێنەر بۆ سەر مرۆڤایەتی
کۆهین دەڵێت: "مۆساد بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات لە هەر شوێنێک کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئیسرائیل هەبێت. گرنگییەکی زۆر دەدات بە پێشهاتەکان لە ئێران، لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەن و رێکخراوە چەکدارە پاشکۆکان."
"ئیسرائیل پێیوایە مەترسییەکی رووخێنەر بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی هەیە کە دەبێت لەلایەن هەواڵگرییەوە گرنگی پێویستی پێبدرێت، ئەویش قەیرانی کەشوهەوایە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بە کەسیی گرنگی پێداوە و هێشتاش گرنگی پێدەدات؛ تەنانەت دوای جێهێشتنی پۆستەکەشی."
ئاگادارکردنەوەی بەلجیکا و ئوسترالیا لە کردەی تیرۆریستی
پرسی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بابەتی هەواڵگریدا بە گرنگترین پڕۆژەی مۆساد دادەنرێت. کۆهین دەگێڕێتەوە چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکان لە سەرتاسەری جیهان پەرەپێداوە.
دەڵێت: "ئەوە کاتێک دەستیپێکرد کە رێکخراوی داعش کردەوەی تیرۆریستی لە بەلجیکا لە ساڵی 2016 ئەنجامدا. لە هەمان رۆژدا کە هێرشە تیرۆریستییەکە کرا، کۆهین برووسکەیەکی لەبارەی کردەکان پێگەیشت. بەڵام برووسکەکە درەنگ هات. لەگەڵ ئەوەشدا رێگری لێنەکرد پەیوەندی بە هاوتا بەلجیکییەکەیەوە بکات و ئاگاداری بکاتەوە. زانیاریی زیاتری پێدا کە یارمەتیدەر بوو لە لێکۆڵینەوەکاندا. پاشان لە هەمان ساڵدا ئوسترالیای ئاگادار کردەوە لە پلانێک بۆ تەقاندنەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنی کە لەسەر هێڵی ئەبوزەبی-سیدنی کار دەکات. "بە چاکەی مۆساد، رێگری لە کردەوەکە کرا و شانەکە لەگەڵ چەک و تەقەمەنییە ئامادەکراوەکان ئاشکرا کران".
ئەو وڵاتانەی بە گوتەی کۆهین، قەرزاری مۆسادن
کۆهین ناوی چەندین وڵات دەهێنێت کە "قەرزاری مۆسادن" بەهۆی ئاشکراکردنی کردەوە و شانە تیرۆریستییەکان. ئەو گوتی ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە سەرکردایەتیی هەواڵگریی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا دەهێنێتەوە کە پێیان گوتووە گەلەکانیان قەرزاری ئیسرائیلن بەهۆی ئەوەی مۆساد شانە تیرۆریستییەکانی ئاشکرای کردووە. دەشڵێت: ئیسرائیلیش سوودی لەو دەزگا هەواڵگرییانە بینیوە.
تورکیاش لەم بنەمایە دەرناچێت، کە سەرەڕای پەیوەندییە خراپەکان لەگەڵیدا، کۆهین دوودڵ نەبووە لە ئاگادارکردنەوەیان بەوەی دەیزانێت دەربارەی شانە تیرۆریستییەکان لەسەر خاکەکەیان. دەڵێت: "لە هاوینی 2018دا، ئیسرائیل یارمەتی تورکیای دا بۆ ئاشکراکردنی زانیاری لەبارەی شانە تیرۆریستییەکان کە 16 هێرشیان ئەنجام دابوو، سەرەڕای پەیوەندییە خراپەکانی نێوان هەردوو وڵات."
کۆهین دەڵێت: بەرپرسی دەزگای هەوڵگریی ئەوکاتی تورکیا، هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی ئێستا بووە.
"سەرکردەی بەهێز ئەوەیە سازش دەکات"
کۆهین، لە کتێبەکەدا هەوڵ دەدات وێنەیەکی جوان لەبارەی مۆساد نیشان بدات، خۆی لە هەموو کەسێکی دیکە زیاتر دەرخستووە، چونکە کتێبەکە باسی رێڕەوی ژیانی ئەو دەکات.
چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامانجی کۆهین گەیشتنە بە پۆستی سەرۆکوەزیران. چونکە هەوڵیداوە وەڵامی هەموو پرسیارێک بداتەوە کە بە خەیاڵی ئیسرائیلییەکان و نا ئیسرائیلییەکاندا دێت، تاوەکو قەناعەتیان پێ بکات کە باشترین کەسە بۆ ئەم پۆستە، بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستا کە بۆ ئیسرائیلییەکان زۆر سەختە.
بۆ ئەوانەش کە "دەیانەوێت ئیسرائیل لە جەنگێکی هەمیشەییدا بێت" کۆهین دەڵێت: "دوای جەنگی ئۆکتۆبەری 1973 کەس باوەڕی نەدەکرد تەنیا دوای پێنج ساڵ رێککەوتنی ئاشتی مێژوویی لەگەڵ میسر واژۆ بکرێت."
بەڕێوەبەری پێشووی مۆساد جەخت لەوە دەکاتەوە: "سەرکردەی بەهێز ئەوەیە کە سازش دەکات."
ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنی ئیبراهیمی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی گریاوە. ئەو ستایشی ئەو سەرکردە عەرەبانە دەکات کە چاوی پێیان کەوتووە و خواستی راستەقینەیان بۆ ئاشتی نیشانداوە. بەڵام ئاشتی، بەپێی تێڕوانینی ئەو، "تەنیا دوای دەرخستنی هێز دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ