رووداو - هه‌ولێر
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌ڵێت به‌هۆی ته‌رخانكردنی 33 ملیار دینار، كاركردن له 11 به‌نداو ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌دواى قه‌یرانى داراییه‌وه كاركردن له 6 به‌نداوی ستراتیژی وه‌ستاوه كه پێویستیان به 500 ملیار دیناره.
به‌پێی ستانداردی جیهانی، به‌نداوه‌كان به‌سه‌ر بچووك و مامناوه‌ند و گه‌وره‌دا دابه‌شكراون، ئه‌وانه‌ی به‌رزییان له 15 مه‌تر زیاتره و توانای گلدانه‌وه‌ی سه‌رووی ملیۆنێك مه‌تر سێجا ئاویان هه‌یه، به به‌نداوی ستراتیژی هه‌ژمار ده‌كرێن.
هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى چه‌ند زێ و رووبارێكه، به‌و رووبارانهشى له وڵاتانى دراوسێوه ده‌ڕژێنه هه‌رێمى كوردستان، داهاتى ساڵانه‌ى ئاو ده‌گاته نزیكه‌ى 50 ملیار مه‌تر سێجا، به‌ڵام به‌گوته‌ى پسپۆڕانی ئاو به‌هۆی كه‌میی به‌نداو و به‌ربه‌ست زیاتر له 85%ی ئاوه‌كه به هه‌رێمی كورستاندا تێده‌په‌ڕێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سوودێكی لێوه‌ربگیرێت.
ئه‌ندازیار ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌نداو و كۆگاكانی ئاو له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌ڵێت: "له هه‌رێمی كوردستان 17 به‌نداو و نزیكه‌ی 100 پۆندمان بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو هه‌یه كه تواناى گلدانه‌وه‌ى 10 ملیار مه‌تر سێجا ئاویان هه‌یه له ساڵێكدا".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیى به‌نداوه‌كان له ساڵى 2007 دروستكراوه، به گوته‌ى به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ى تاوه‌كو ئێستا 12 به‌نداویان دروستكردووه كه بریتین له (جه‌لی، دێگه‌ڵه، حه‌مامۆك، كۆدهڵه، شیوه‌سوور، هه‌شه‌زینی، چه‌می سمۆر، بێدۆهی، باوه‌شاسوار، حه‌سه‌ن كهنۆش، قادر كه‌ره‌م، ئاوه‌سپی) و سه‌رجه‌میان توانای گلدانه‌وه‌ی زیاتر له 72.5 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو و به‌راوكردنی نزیكه‌ی 16 هه‌زار و 290 دۆنم زه‌وییان هه‌یه. تێچووی دروستكردنیشیان نزیكه‌ی 96.5 ملیار دینار بووه.
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی به‌نداو و كۆگاكانی ئاو، ئێستا پرۆژه‌ی دروستكردنی 17 به‌نداوی دیكه هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه كاركردن له زۆربه‌یان وه‌ستاوه.
بۆ دووباره دهستبهكاركردنهوه له‌م پرۆژانه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به نووسراوی ژماره 9392 له 6/11/2019 وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری راسپاردووه بڕی 33 ملیار و 322 ملیۆن دینار بۆ ته‌واوكردنی 11 به‌نداو ته‌رخان بكات .
به‌نداوه‌كانیش بریتین له به‌نداوی (چه‌مه‌رگه، ئاقوبان، شهوگێَڕ، بانووی تاڵه‌بان و نازه‌نین له سنووری پارێزگای هه‌ولێر. خنس، سبنه 2 و گه‌لی به‌نداوه له پارێزگای دهۆك. هه‌روه‌ها دێوانه، توره‌جار، خۆرنه‌وازان له پارێزگاى سلێمانى).
ئه‌ندازیار ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: "ئه‌و 11 به‌نداوه‌ی پاره‌یان بۆ ته‌رخانكراوه له قۆناغی جیاجیای جێبه‌جێكردندان. هه‌ندێكیان 20%ی كاره‌كانیان ته‌واو كراوه و هه‌ندێكیان 90%".
ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د پێیوایه به ته‌واوبوونی ئه‌م به‌نداوانه هه‌رێمی كوردستان له رووی كۆگاكردنی ئاو قۆناغێكی دیكه ده‌چێته پێشه‌وه، چونكه ده‌توانرێت مه‌ترسیی لافاو له‌و ناوچانه كه‌مبكرێته‌وه و 59 ملیۆن مه‌تر سێجای دیكه ئاو گل بدرێته‌وه و رووبه‌ری 27 هه‌زار و 300 دۆنم زه‌وی به‌راو بكرێ".
گوتیشی: "كاریگه‌ریی قه‌یرانی دارایی هێشتا به‌سه‌ر به‌نداوه‌كانه‌وه كۆتایی نه‌هاتووه، چونكه هێشتا كاركردن له پرۆژه‌ی دروستكردنی به‌نداوه‌كانی وه‌ك باسه‌ڕه، باوه‌نوور ، سورقاشان، چه‌قچه‌ق و زه‌لان ده‌ستی پێنهكردووهتهوه، كه پێویستیان به نزیكه‌ى 500 ملیار دینار هه‌یه".
به‌گوته‌ی پسپۆڕانی بواری ئاو، ئه‌و به‌نداوانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان دروستكراون، پرۆژه‌ی بچووكن و سوودێكی ئه‌وتۆى ئابوورییان نییه.
پ.د.ئازاد جه‌لال شه‌ریف، پسپۆڕى بواری ئاو له به‌شی جوگرافیای كۆلێژی ئادابی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌ڵێت: "توركیا و ئێران خه‌ریكی دورستكردنی به‌نداون له‌سه‌ر ئه‌و ئاوانه‌ى ده‌ڕژێنه هه‌رێمی كوردستانه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر كوردستان هه‌نگاوى خێرا بۆ دروستكردنی به‌نداوی گه‌وره و ستراتیژی بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاوی زێ و رووباره‌كان نه‌نێ، له‌وانه‌یه له ئه‌گه‌رى هه‌ر وشكهساڵییهكدا ئاسایشی ئاوی هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه".
به گوته‌ى ئه‌و پسپۆڕه‌ى بوارى ئاو "به‌هۆی نه‌بوونی پلان و ستراتیژێكی روون بۆ سوودوه‌رگرتن له ئاوی سه‌ر زه‌وی، 85%ی ئاوی رووباره‌كان كه به هه‌رێمی كوردستاندا تێپه‌ڕ ده‌بن، به‌فیڕۆ ده‌ڕوات".
له هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا سێ به‌نداوی گه‌وره و ستراتیژی هه‌ن، ئه‌وانیش به‌نداوه‌كانی (دوكان، ده‌ربه‌ندیخان و دهۆك)ن كه دوویان له‌سه‌ر ئاوی رووباره ههمیشهییهكانن و توانای گلدانه‌وه‌ی زیاتر له 10 ملیار مه‌تر سێجا ئاویان هه‌یه.
به‌نداوی بێخمه یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و به‌نداوه ستراتیژیانه كه له ساڵی 1932 دیزاین كراوه و هه‌ندێك كاریشى تێدا كرا، به‌ڵام له پاش راپه‌ڕینی ساڵی 1991ی خه‌ڵكی كوردستان كاركردن تێیدا به یه‌كجاری وه‌ستا.
دیزاینی پرۆژه‌كه به‌چه‌ند ئاستێكی به‌رزی داڕێژراوه كه بریتین له (604 مه‌تر، 550 مه‌تر و 517 مه‌تر). ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه به ئاستی یه‌كه‌م جێبه‌جێ كرابووایه، توانای گلدانه‌وه‌ی 17 ملیار مه‌تر سێجا ئاوی ده‌بوو.
به‌پێی خه‌مڵاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی به‌نداوه‌كان، ته‌واوكردنى ئه‌و به‌نداوه پێویستی به نزیكه‌ی 10 ملیار دۆلاره.
ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: "به‌پێی ده‌ستووری عێراق ئاو بابه‌تێكی سیادییه، بۆیه ئه‌ركی دروستكردنی به‌نداوه ستراتیژییه‌كان كه سوودی گشتی هه‌یه، له ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقه، به‌ڵام جگه له دوو به‌نداوی بچووك، حكومه‌تی عێراق پاره‌ی بۆ دروستكردنی هیچ به‌نداوێك له هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان نه‌كردووه".
ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت ته‌واوكردنى به‌نداوى بێخمه له به‌رنامه‌ى كارى ئه‌واندا نییه، به‌ڵام پلانى دروستكردنى 200 به‌نداویان هه‌یه كه دیزاینى هه‌ندێكیان ته‌واو بووه و پاره نییه دروستیان بكه‌ن.
له‌و 11 به‌نداوه‌ی پاره‌یان بۆ ته‌رخانكراوه، 5 به‌نداویان ده‌كه‌ونه سنووری پارێزگای هه‌ولێر و نزیكه‌ی 11 ملیار و 591 ملیۆن دیناریان بۆ ته‌رخانكراوه. یه‌كێك له‌و به‌نداوانه به‌نداوی ئاقوبانه كه ده‌كه‌وێته سنووری قه‌زای شه‌قڵاوه. ماوه‌ی ته‌واوكردنی پرۆژه‌كه دوو ساڵ بوو، به‌ڵام چوار ساڵه كارى تێدا وه‌ستاوه، ئێستاش ملیارێك و 520 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراوه، پرۆژه‌كه توانای گلدانه‌وه‌ی 2.6 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه، 83%ی ته‌واو بووه و كۆمپانیای ئارارات لایه‌نی جێبه‌جێكاری پرۆژه‌كه‌یه.
توانا ئیسماعیل قادر، سه‌رپه‌رشتیاری پرۆژه‌كه به (رووداو)ی گوت: "له نووسراوی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا بڕگه‌یه‌ك له ته‌رخانكردنی پاره‌كه هه‌یه كه ده‌ڵێت پاره‌كه به وه‌جبه و به‌پێی هه‌بوونی نه‌ختینه ده‌درێت، ئه‌م بڕگه‌یه جۆرێك له دڵه‌ڕاوكێی له‌لای به‌ڵێنده‌ران دروستكردووه، چونكه ده‌ترسن دووباره پاره له به‌نداوه‌كان خه‌رج بكه‌ن و پاره‌كه‌یان لای حكومه‌ت ببێته قه‌رز، دواتریش بانكه‌كان بڵێن پاره‌ی نه‌ختینه‌مان نییه".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ