رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، رێکارەکانی تایبەت بە گەڕاندنەوەی 70 کۆچبەری هەرێمی کوردستان تەواوکراون، کە بە "نایاسایی" چوونەتە خاکی ئەو وڵاتە.
ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ دووشەممە، 22-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی دەیان کۆچبەری دیکە لە چەندین ناوچەی جیاوازدا."
سەحاف ئاماژەی بەوەدا، باڵیۆزخانەکەیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تایبەتمەندی لیبیا کاردەکات بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی کۆچبەرەکان و رادەستکردنیان بە ناوەندەکانی داڵدەدان، تاوەکو دواتر رێکارەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ عێراق دەستپێبکات.
هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، هۆشداریی دا و گوتی، "تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیی بە مرۆڤ بەردەوامن لە خشتەبردنی گەنجانی عێراق." داوای لە خێزانەکانیش کرد رێگە نەدەن منداڵەکانیان رووبەڕووی مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی ببنەوە.
بە گوتەی سەحاف، باڵیۆزخانەکەیان رێگە بە کۆچبەران دەدات پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن و خواردن و دەرمانیان پێشکێش دەکات.
ئەم ساڵ چەند جارێک گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا و توونسەوە دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێ لەو وڵاتانەوە بە دەریادا خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەهێنرێنە لیبیا تاوەکو لەوێوە بە رێگەی دەریاوە رەوانەی وڵاتانی ئەوروووپایان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ