رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای زاخۆ رایگەیاند، لە ساڵی 2025ـدا هەڵمەتی لیژنەکانی چاودێری بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی چڕکراونەتەوە و لەو چوارچێوەیەدا 652 شوێن سزادراون و زیاتر لە 200 شوێنی دیکەش داخراون.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، موشیر بەشیر، قایمقامی قەزای زاخۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2025ـدا لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی و تەندروستی دەستیان بەسەر 202 تۆن و 314 کیلۆ مادەی ماوەبەسەرچوودا گرتووە کە لە جۆرەکانی شل و وشک بوون، هاوکات 280 تۆن ئاردی ئازووقە و 40 تۆن برنجی ئازووقە و دەستیان بەسەردا گیراوە."
بە گوتەی موشیر بەشیر، هەر لەو چوارچێوەیەدا و بەهۆی سەرپێچیی رێنوێنییەکانەوە، 908 شوێن رێکاریان بەرامبەر گیراوەتەبەر، لەوانە 652 شوێن سزادراون و 256 شوێنی دیکەش بە فەرمانی قایمقامییەت داخراون.
وەک قایمقامی زاخۆ گوتی: "هەڵمەتەکان بۆ لابردنی زێدەڕۆیی بەردەوام بوون؛ بە جۆرێک 75 حاڵەتی زێدەڕۆیی لەسەر هێڵەکانی کارەبای نیشتمانی و 80 خانوو و کەپری زێدەڕۆ تێکدراون. هەروەها 630 سەرپێچیی جۆراوجۆر کە پێکهاتبوون لە دانانی کەرەستەی بیناسازی، تێل، ئۆتۆمبێلی میوەفرۆشی و کەلوپەلی سەر شۆستەکان، لەسەرتاسەری قەزاکە لادراون."
سەبارەت بە پاراستنی ژینگە و دارستانەکانی سنوورەکە، قایمقامی زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی دارستان 34 خانوو و کەپری زێدەڕۆیان لەنێو دارستانەکاندا لابردووە.
قایمقامی زاخۆ ئاماژەی بەوەدا بەهۆی بڕینەوەی دار، راوەماسیی نایاسایی و زێدەڕۆیی بۆ سەر دارستانەکان، 58 سکاڵای یاسایی لە دادگەکان دژی سەرپێچیکاران تۆمارکراون و رێکاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ