رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا 11 کەسی بریندار بوون.
چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان ئاگری-وان لە نزیک شارۆچکەی توتاک سەر بە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، پاسێکی گەشتیاری خۆی بە بارهەڵگرێک کێشا. بەهۆیەوە 10 سەرنشینی پاسەکە و شوفێری بارهەڵگرەکە بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئاگری، هۆکاری رووداوەکەی بۆ خلیسکان و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی پاسەکە بەهۆی بەستنی رێگاکە گەڕاندەوە کە لە نزیک پێچی سەرەکیی گوندی سوڤار لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و لە ئەنجامدا رووداوێکی مەترسیداری لێکەوتەوە.
دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر ئەمبووڵانس روویانکردە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکان گواسترانەوە نزیکترین نەخۆشخانەی شارەکە. دوو لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە.
رۆژی 9ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ئاماری 10 مانگی رووداوەکانی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیەوە دوو هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار و 281 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ