رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، شەوی پێنجشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2024، کاژێر 21:07 خولەک درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە.
درۆنەکە وەکو دژەتیرۆر دەڵێت، "لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە" ئاراستەی فڕۆکەخانەکە کراوە.
هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2024، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر 23:06 خولەک درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرابووە خوارەوە.
وەکو دژەتیرۆر گوتی، درۆنەکە "لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش" کرابوو.
جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێکرد و لە 17ی هەمان مانگەوە هێرشی ئەو گرووپانەی خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی ناودەبەن بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا دەستی پێکرد.
ئەو گرووپە چەکدارانە دەڵێن، هێرشەکانیان وەک کاردانەوەیە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە لانیکەم 130 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە 53یان لەهەرێمی کوردستان و عێراق بوون و 77 هێرشەکەی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ