رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی عێراقی دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردن لە کەرکووک رۆڵی لە دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکان یان ئایندەی سیاسی نابێت و دەڵێت، هیچ پۆستێک نییە تایبەت بێت بە لایەنێک و پێکهاتەیەک، هیچ بڕیارێكی یاساییش نییە، کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ یەکێتی بێت.
قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 25ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوامە، گەڕی دانوستاندنیان لەگەڵ لایەنی کوردی، عەرەبی لە هەولێر، کەرکووک و بەغدا هەبووە. هەر لە یەکەم رۆژدا دەستپێشخەرییان کردووە بەوەی پێویستە پۆستی پارێزگار بە خول بەڕێوەببرێت لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکان، کە ئەمە باشترین چارەسەرە.
لەبارەی پێداگریی یەکێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی عێراق گوتی: "هیچ پۆستێک نییە تایبەت بێت بە لایەنێک و پێکهاتەیەک، هیچ بڕیارێكی یاساییش نییە، کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ یەکێتی بێت."
ئەو بەرپرسەی کەرکووکی بەرەی تورکمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، 100 ساڵە تورکمان لەم پۆستە بێ بەشە، 18 پارێزگا لە عێراق هەیە، هیچ پارێزگارێک تورکمان نییە، لەکاتێکدا تورکمان خەبات و قوربانی داوە، بۆچی ستەم لە تورکمان دەکرێت و دەرفەتی پێنادرێت. یەکێتی پشکی خۆی وەرگرتووە لە 2003ـەوە پۆستی پارێزگاری لابووە تا 2017، دواتر تائێستا لە دەست عەرەبە.
وەنداوی پێیوایە تورکمان لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان مافی پێنەدراوە، "وەزیرمان هەیە بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی کارای هەبێت، کەسایەتی و پۆستەکان شایستەی تورکمان نییە وەک دووەم نەتەوە لە هەرێم، کوا تورکمان لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان، پارێزگاری هەولێر، تورکمان لە کفری لە کوێن؟ هیچ وەزیرێکی تورکمانی لە حکومەتی عێراق نییە".
ئەو بەرپرسەی تورکمانی جەختی لەوە کردەوە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەنجامی هەڵبژاردن لە کەرکووک رۆڵی نابێت لە دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکان، یاخود ئایندەی سیاسی، چونکە پێیوایە کەرکووک دۆخێکی تایبەتی هەیە.
دەشڵێت: "پێش 2003 کەرکووک رووبەڕووی شەپۆلێکی بە عەرەب کردن بووەوە، لە دوای 2003 رووبەڕووی شەپۆلێکی بە کوردکردن بووەتەوە، سەتان هەزار دەنگدەری کەرکووک خەڵکی کەرکووک نین، بۆیە گومانمان لە تۆماری دەنگدەران هەیە، لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکردووە، گەشبینن کە دادگەی فیدراڵی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک رێکبخاتەوە".
رۆژی 18 کانوونی یەکەمی 2023 دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک کرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، بۆ دانانی پارێزگار و دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا 9 کورسی؛ تائێستا هیچ لایەنێک نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە کۆبکاتەوە. یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی و کورسییەکەی کریستیان، لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان 8 کورسین، لایەنە عەرەبییەکان 6 کورسییان هەیە، کە هاوپەیمانیی عەرەبی 3 کورسی، هاوپەیمانیی عرووبە کورسییەک و هاوپەیمانیی قیادە 2 کورسی، هەروەها تورکمان 2 کورسیی هەیە.
تائێستا ئەنجوومەنەکە نەیتوانیوە یەکەم کۆبوونەوە بکات. لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، دەبووایە رۆژی 5ی شوباتی2024 یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت، بەڵام لایەنی تورکمان و عەرەب ئامادەی کۆبوونەوە نەبوون.
رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، نوێنەرانی هێزە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک لە هەموو هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا پێکبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پارتی دیموکراتی کوردستان، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی، محەممەد تمیم، وەزیری پلاندانان و سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدووم، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیۆن بەشداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ