رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە هەینی داهاتووەوە تاوەکو دوو مانگ، رۆژانی هەینی پێشەنگەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر دابخرێن، ئەویش بەهۆی هاتنی وەرزی بەهارەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای کارگێڕیی لە هەولێر ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە 1ـی مانگی ئادارەوە بۆ 1ـی مانگی ئایار رۆژانی هەینی پێشەنگەکان دادەخرێن، ئەوەش لەسەر خواستی خۆیانە و بەهۆی بەهارەوەیە."
ئەمساڵ، پێش نیوەی یەکەمی مانگی ئادار، مانگی رەمەزان دەستپێدەکات، جگە لە رۆژانی هەینی، شەش رۆژی دیکەی هەفتەکە بە شەوانیش پێشەنگەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر کراوە دەبن.
موزەفەر سوورچی، خاوەن پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە پێشانگەکانی ناوەوە دەگرێتەوە؛ ئێمە کە پێشانگەکەمان لەسەر شەقامی 100 مەترییە رۆژانی هەینیش کراوەیە."
بەهاری رابردووش هەمان بڕیار لە هەولێر جێبەجێ کرا و رۆژانی هەینی رێگە بەهیچ کەسێک نەدەدرا ئۆتۆمبێل بباتە نێو پێشانگەکانەوە.
زۆرینەی پێشانگەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر لەنێو کۆمەڵگەی پێشانگەکاندان، ژمارەیەک کۆمپانیای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل هەن لە دەرەوەی کۆمەڵگەکەدا لە هەردوو بەری شەقامی 100 مەترییەوەن، بەرامبەر کۆمەڵگەی پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ