لە سنە گازی 60 فەرمانگەی حکومی دەبڕدرێت

25-02-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە بڕیار و رێنوێنییەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز، گازی 60 فەرمانگەی حکومییان بڕیوە.
 
کیومەرس حەبیبی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە شەوی دووشەممە لە کۆبوونەوەی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە 48 کاژێری رابردوودا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پابەندبوونی فەرمانگە حکومییەکان، بە بڕیاری حکومەت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە، سەردانی 500 دامودەزگە، ناوەندە پەروەردەیی و خزمەتگوزارییەکانیان کردووە.
 
حەبیبی گوتی، بڕیاریان داوە گازی 60 فەرمانگەی حکومی ببڕدرێت، بەهۆی ئەوەی پابەندی بڕیار و رێنوێنییەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز نەبوون.
 
داوا لە خەڵکی پارێزگاکەش دەکات، پلەی گەرمای ماڵەکانیان کەمتر بکەنەوە، بۆئەوەی بتوانن لەم کەشوهەوا ساردەدا گازی پێویست بۆ هەموو دانیشتووانی پارێزگاکە دابین بکەن.
 
هۆشدارییش دەداتە ئەو هاوبەشانەی گازی زۆر بەکاردەهێنن و دەڵێت، رێکاری جیدی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و سزا دەدرێن.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران شەوی پێنجشەممە 12ی کانوونی یەکەمی 2024 پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، تێیدا داوا لە هاووڵاتییانی ئێران دەکات، بەکارهێنانی گاز و کارەبا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە.
 
بە گوتەی جێگری پارێزگاری سنە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممەش بەفربارین لە چەند ناوچەیەکی ئەو پارێزگایە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت و ئەگەری ئەوەی هەیە بگاتە 25 پلەی ژێر سفر.
 
لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردووەوە، بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و پلەکانی گەرما دابەزیون. بەوهۆیەشەوە بەکارهێنانی گاز و کارەبا لەو وڵاتە زیادیکردووە.
 
ئێران لە هاوینی پارەوە تووشی کێشەی کورتهێنانی گاز و کارەبا بووەتەوە و حکومەتی ئەو وڵاتە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، چەندین رێکاری وەکوو بڕینی گاز و کارەبای لەسەر ماڵان و کارگەکان، داخستنی قوتابخانەکان و فەرمانگە حکومییەکان گرتووەتەبەر، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەکە بنبڕ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.